كارزان گلی – ههولێر
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، كاتێك بەربژێری ئاكەپە كە بینالی یڵدرم بوو، نەیتوانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، لە گەڕی یەكەمدا بەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغڵودا سەر كەوێت، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، نامەیەكی بە محەمەدی برایدا لە ئیمیراڵییەوە نارد و داوای لە دەنگدەری كورد و هەدەپە كرد لە ئیستانبۆڵ، بێلایەن بن، بەو مانایەی دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو نەدەن، ئاشكرایە، مەبەستی ئۆجەلان ئەوە بوو، ئەگەر دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نەدەن، بینالی یڵدرم سەر دەكەوێت. بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش، بەپێچەوانەی ئۆجەلان داوای كرد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدرێت و دەنگدەریش بەگوێی دەمیرتاشی كرد. دوای پێنج ساڵ، هاوكێشەی سیاسی گۆڕاوە و هەدەپە دەیەوێت ئەم جارەیان روو لە ئیمامئۆغڵو نەكات.
ئیمامئۆغڵو، دەڵێت بە هەر شێوەیەك بێت دەبێت شارەوانی ئیستانبۆڵ ببەینەوە، بۆ ئەمەشیان دەیەوێت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەخۆی كۆ بكاتەوە، چونكە دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆن بووەوە، ئیدی هاوپەیمانییەتەكەیان پەرتەوازە بوو، ئیمامئۆغڵو دەیەوێت دووبارە دژی ئاكەپە، ئۆپۆزسیۆن رێكبخاتەوە، بەتایبەت نزیكبوونەوە لە هەدەپە.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئەستەمە هەدەپە، ئەمجارەیان بەبێ مەرج روو لە ئیمامئۆغڵو بكات، مەرجەكانی هەدەپە ئەمجارەیان قورسە و ئەگەر ئیمامئۆغڵو جێبەجێی نەكات، ئاكەپە، مامەڵەیەكی تر لەگەڵ هەدەپەدا دەكات، رەنگە هەدەپە ئەمجارەیان روو لە ئاكەپە بكات و سیاسەت و ستراتیژییەتی خۆی بگۆڕێت.
هەدەپە، لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا، ستراتیژییەتی هەڵبژاردنی هەڵە بوو، چونكە لەسەر دژایەتی كەسایەتییەك سیاسەتی دەكرد و دەیگوت تەنیا رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەسەر كورسی نەمێنێت، ئەوان ئامادەی هەموو شتێكن، بۆیە لە هەڵبژاردندا دووچاری شكست بوونەوە و یەك ملیۆن دەنگ كەمیان كرد، لە كاتێكدا چاوەڕێ بوون لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا 100 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
هەدەپە، بەو مەرجە پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو دەكات، لە ئیستانبۆڵ دوو سەرۆك شارەوانییان بدرێتێ، یەكەمیان سەرۆكی شارەوانی ناوچەی غازی سوڵتان و ئەوی تریش ئەسەن یورتتە، كە لە هەردوو ناوچەكە كوردێكی زۆر بوونیان هەیە و هەدەپەش لەو ناوچانە خاوەن دەنگێكی زۆرە، بەڵام ئەم مەرجە بۆ ئیمامئۆغڵو قورسە، چونكە پارتی خاس، كە دژە كورد و هەدەپەیە، قبوڵی ناكات ئیمامئۆغڵو بچێتە ناو رێككەوتنێكی لەو شێوەیە.
بۆیە لە ئەگەری قبوڵنەكردنی داوای هەدەپە، لەلایەن ئیمامئۆغڵوەوە، هەدەپە بەنهێنیش بێت لەگەڵ ئاكەپەدا دەكەوێتە رێككەوتن و بەگوێی ئۆجەلان دەكەن، كە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا داوای لە هەدەپە كرد، بێلایەن بن و دەنگ بە هیچ بەربژێرێك نەدەن.
ئەگەر هەدەپە، بەربژێری خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ هەبێت، یەك ملیۆن دەنگی هەدەپە بۆ ئیمامئۆغڵو ناچێت، وەكوو ئەوەی لە 2019 بۆی چوو، بەمەش رێگە بۆ بەربژێری ئاكەپە خۆش دەكرێت، تا سەرۆكی شارەوانی ببەنەوە. هەرخۆی بەگوێرەی ئەو دانیشتنە نهێنییەی لەنێوان ئاكەپە و هەدەپە روویداوە، ئاكەپە بە هەدەپەی گوتووە، ئێوە بەربژێری خۆتان هەبێت و دەنگ بە ئیمامئۆغڵو مەدەن، ئێمەش هەموو ئەو سەرۆك شارەوانییانەی كە سەركەوتن بەدەست دەهێنن لە باكووری كوردستان، قەیووم ناكەین و دەستبەرداری سیاسەتی قەیووم دەبین، رەنگە چەند داوایەكی تری هەدەپە قبوڵ بكەن.
بەڵام رەنگە هەدەپە، قبوڵی نەكات سولەیمان سویلوو، وەزیری ناوەخۆی پێشووتری توركیا ببێتە بەربژێری ئاكەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، چونكە هەدەپە، بەهیچ شێوەیەك سویلوی ناوێت و تەنانەت بنكەی جەماوەری هەدەپە، ئەگەر هەدەپەش پێیان بڵێت دەنگ بە سویلۆ نادەن، بۆیە ئاكەپە، بەدوای بەربژێرێكدا دەگەڕێت، بەهێز بێت و بتوانێت ركابەری لەگەڵ ئیمامئۆغڵودا بكات.
هەدەپە، بۆی روون بووەوە كە كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا فێڵی لێكرد، كاتێك دەركەوت رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغدا كردووە، بەوەی ئەگەر ببێتە سەركۆمار، ئەو دەكات بە وەزیری ناوەخۆی توركیا، ئەمەش لە كاتێكدایە، ئۆزداغ، دژی كوردە و لەگەڵ سیاسەتی قەیوومە و هەدەپەی پێتیرۆرست و مەترسییە بۆ سەر داهاتووی توركیا، بۆیە هەدەپە بەو رێككەوتنە نهێنییە نیگەران بوو.
ئێستا سەرەڕای هەموو ئەو رووداوانەی لە نێوان ئاكەپە و هەدەپەدا روویان داوە، ئاكەپە لایەكی دەرگای بەڕووی هەدەپەدا كردووەتەوە و پێشوازی لێدەكات، ئەگەر هەدەپە، زیرەكانە لەو دەرگایە بچێتە ژوورەوە و دەستكەوتێكی زۆری هەبێت، كە بتوانێت بۆ بەرژەوەندی كورد بەكاریبهێنێت، رەنگە دەنگدەری خۆی ئاشت بكاتەوە، هەروەها لەناو هاوكێشەی سیاسیش حیسابی بۆ دەكرێت و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا، دەبێتە پارتێكی گرنگ و دوور نییە، ئەو پلانەی لە هەڵبژاردنی 14 ئایار داینابوو، لە هەڵبژاردنێكی تردا بێتە دی، ئەویش بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمانە