ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

زۆریی ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان وایکردووە بە دەگمەن خێزانێکی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە کە کەسێک یان ئازیزێکی بە ڕووداوی هاتوچۆ لەدەست نەدابێت، هەر ئەوەش وایکردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕووداوانە رێکاری توندتر و باشتر بگرێتە بەر و بەشێک لەو هەنگاوانەش سەرکەوتوو بوون و ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.

کەم ڕۆژ هەیە لە میدیاکانی کوردستان گوێمان لە هەواڵی مردنی کەسێک بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ نەبێت و ژمارەیەک لەو ڕووداوانەش زۆر کارەساتبارن و جار هەیە تەواوی ئەندامانی خێزانێک بە ڕووداوەکە مردوون. هۆکان زۆرن، بەڵام ئەوەندەی پێوەندییان بە هۆکاری مرۆیی هەیە، ئەوەندە پێوەندیدار نەبوون بە کێشەکانی وەک ڕێگاوبان و کوالیتیی ئۆتۆمبێلەوە.
بەرپرسانی پۆلیسی هاتوچۆ کە باس لە هۆکانی ڕووداوەکان دەکەن یەکسەر ئاماژە بە تیژڕەویی و ڕەچاونەکردنی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ دەکەن. لە هەندێک شوێن ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراوە و تەنانەت مردنی مرۆڤی لێ کەوتوووتەوە کە بەرزترین خێرایی تێیدا ٦٠ کیلۆمەتر بووە لە سەعاتێکدا، لە کاتێکدا ئەم خێراییە نابێتە هۆی مردنی مرۆڤ.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان ٤٤٥ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ مردوون، ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بوو لە ٦٢٣ کەس و لە ساڵی ٢٠٢٠ یش ٤٣٢ کەس مردوون.
بەپێی تێکڕای ئامارەکان ڕۆژ نەبووە لە هەرێمی کوردستان کەسێک بە ڕووداوی هاتوچۆ نەمرێت و لە هەندێک ساڵیشدا تێکڕای حاڵەتەکانی مردن لە ڕۆژێک بۆ دوو کەس زیادی کردووە. ساڵی ٢٠١٨ یەکێک لەو ساڵانە بوو کە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری حاڵەتی مردن تۆمار کرا و گەیشتە ٦٦٥ کەس و ئەمەش بەو واتایەیە تێکڕای مردن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ نزیک بە دوو کەس لە ڕۆژێکدا بووە و ژمارەکە لە ساڵی ڕابردوودا کەمی کردووە.
سەرەڕای ئەمە بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەسەر ئاستی جیهان ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەیەم هۆکاری مردنن، بەڵام لە کوردستان ڕیزبەندییەکە زۆر جیاوازە و لە پلەی سێیەمدا دێت.
خراپیی بەشێک لە رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار یەکێکە لە هۆکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستان بەڵام سەیرەکە لەوەدایە ئەوەندەی ڕووداوی هاتوچۆ لە شەقامە زۆر پێشکەوتوو و جووتسایدە مۆدێرنەکان ڕوویان داوە، لە شەقامە کۆن و خراپەکان ڕوویان نەداوە.
بۆ نموونە شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر بە تایبەتی ماوەیەک بوو هیچ ڕۆژێک نەبوو لەو شەقامە ڕووداوێکی هاتوچۆ تۆمار نەکرێت لەکاتێکدا شەقامەکە بەرین و نوێیە و ئەگەر تەواوی شۆفێران ڕێنماییەکانی هاتوچۆ پەیڕەو بکەن، ئاستەمە لەو شەقامە ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو بدات.
یەکێک لەو ڕێکارە گرینگ و نوێیانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ گرتوویەتە بەر و لە سەرجەم پارێزگاکانیش جێبەجێ کراوە، دانانی کامێرای چاودێری بووە . کامێراکان لە ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبووە لە کەمکردنەوەی ڕووداوەکان بەڵام کێشەکە لەوەدابوو لە هەموو شوێنێک کامێرا نەبوو و جگە لەمە شوێنەکانیان ناسراو بوون و ئۆتۆمبێلەکان دوای تێپەڕبوون لە کامێرا پەرەیان بە خێرایی دەدایەوە و ئەمەش هەندێک جار خۆی هۆی ڕوودانی هاتوچۆ بوو.
بۆ چارەی ئەم کێشەیە،سیستمێکی نوێی کامێرای چاودێری هێنراوەتە کوردستان و ئەو سیستمە لە بەشێکی شەقامەکان داندراوە و بڕیارە تەواوی شەقامە خێراکانی دەرەوەی شار و ڕێگا سەرەکییەکانی ناو شار بگرێتەوە کە بە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ یان پۆینت تو پۆینت ناسراوە.
ئەو سیستمە هەر چەندە لە لایەن خەڵکەوە گلەیی زۆری لێ کراوە بە تایبەتی لەسەر ئەوەی سزای زۆریان بۆ دەنووسرێت، بەڵام ڕاستییەکەی قەبارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک هیچ چارەیەک نییە جگە لەوەی سزای قورس دابنرێن لە پێناو ئەوەی ژمارەی قوربانییان و ڕووداوەکان کەم ببنەوە.
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەو سیستمە ئەوەیە شۆفێران ناتوانن مەودایەکی دیاریکراو بە کاتێکی کەمتر ببڕن و لە دوای دەربازکردنی کامێراش ئۆتۆمبێل ناتوانێت لە خێراییەکی زیاتر بڕوات چونکە کامێراکان زیرەکن و زێدەڕۆییەکەی تۆمار دەکەن.
فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ماوەی رابردوو دانی بەوە نا کە لە شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر و لەو شوێنانەی کە کامێرای پۆینت تو پۆینت دانراون ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەمیان کردووە.
پرسی ڕووداوەکانی هاتوچۆ تەنیا ئەو زیانە گیانییە نییە بەر هاووڵاتییان دەکەوێت بەڵکوو تێکچوونی ئۆتۆمبێل و شەقامەکانی کوردستان خەرجییەکی زۆر هەڵدەگرن و بار و خەرجییەکی زۆر دەخەنە سەر شانی خەڵک و حکوومەت.
هەر ڕێکارێک ببێتە هۆی ئەوەی گیانی هاووڵاتییەکی کوردستان پارێزراو بێت، شایانی ئەوەیە پێشوازی لێ بکرێت و شۆفێرانیش بۆ ئەوەی لەو سزا قورسانە ڕزگارییان بێ، هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەی کە بەپێی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ ئۆتۆمبێل باژوون و سەروماڵی خۆیان و سەرنشینان و خەڵکی تریش بپارێزن.