به‌بۆنه‌ی 77مین ساڵیادی دامه‌زراندنی، پارتی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

ده‌قی به‌یاننامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی 77مین ساڵیادی دامه‌زراندنی:

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە (77) ەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتیماندا

هاونیشتیمانیانی خۆڕاگری كوردستان

کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری كۆڵنەدەری پارتیمان

دوابه‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و لێكه‌وته‌كانی كه‌  کوردستان دابەشکرا و نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ بوونی ده‌وڵه‌ت بێبه‌شكرا، هاوكات ھەوڵ درا بە ئاگر و ئاسن مرۆڤی کورد تەسلیم بەو قەدەر و چارەنووسە شووم و تاریکە بکرێت، جگە لەوەیش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کە بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و کوردستانی عێراق بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە نالەبار و خراپ بوو، لە ناو ئەو نائومێدی و بێھیواییەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان حەفتا و حەوت ساڵ لەمەوبەر، وەک هیوابەخش و فریادڕەسێک دامەزرا و ھاتە مەیدانی خەباتەوە.

پارتی لە سەر ڕێبازی بارزانی دامەزرێنەر و سەرکردە دووربین و شۆڕشگێڕەکەی، گرێی (خۆبەکەمگرتن)و نائومێدی لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ڕەواندەوە و هێز و تین و توانای خەڵکی کوردستانی یەکخست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانی شۆڤینیستانەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق، لەهەمانکاتدا سەلماندی، کە  بڕیاری دامەزراندنی پارتی به‌ هاوكاری ژماره‌یه‌ك ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌داری گه‌له‌كه‌مان، هەم پێویستییەکی مێژوویی و هەمیش وەڵامدەرەوەی ستەمی بێبەشكردنی كورد بوو لە مافی چارەنووس و نەگەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی.

پارتی هەر لە دەستپێكەوە و لەبەر رڕۆشنایی فیكر و فەلسەفەی بارزانیی نەمر و ڕێبازەكەی، كوردایەتییەكی ئاوێتە بە بەها ئینسانییەكانی ئاشتیخوازی و دیموكراسی، پەیڕەوی بنەماکانی دادپەروەریی كرد، دواتر بۆ بەرنامە و سیستمێکی گونجاو داڕێژرایەوە و کار بۆ جێبەجێکردنی کرا.

هەر لە سەرەتاوە وێڕای دڕندەیی نەیار و دوژمنانی گەلەکەمان، هەموو جۆرە كاردانەوە و توندڕۆییەكی ئایدیۆلۆژی ڕەتكردەوە، هاوکات ڕێی خەباتی سیاسی و مەدەنی و جەماوەریی گرتەبەر و، تا ناچار نەكرا دەستی نەدایە چەك.

لە سەر ئاستی کۆمەڵگای كوردەوارییش، پارتی وەك ڕێکخراوێکی سیاسیی بەرفراوان و بزاڤێكی جەماوەریی و مەكۆی كۆكەرەوەی  تواناكانی خەڵكی كوردستان خۆی ناساند، هەر بۆیەش دواجار توانی ببێتە چەتری گەورە و کۆکەرەوەکەی خەباتی سەرجەم كوردستانیان بە جیاوازی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و ئینتیمای هۆز و تیرە و ناوچە و ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییان، لەسەرینی ئەمەوە توانی هەمووان لە دەوری یەك ئامانج كۆ بكاتەوە كە رڕگاریی نیشتمانی و بەدەستهێنانەوەی مافی دیاریكردنی چارەنووسە، كە مافێكی  یاسایی و دەستووری هەر گەل و نەتەوەیەكە.

پارتی لەو ڕوانگە ئینسانی و بەرچاوڕوونی و دووربینیەوە، توانی بە پشتیوانیی گەلی ئازادیخوازی كوردستان، قۆناغ بە قۆناغ پێشڕەوایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی بکات هەر لە خەباتی نهێنییەوە تا خەباتی چەکداری و شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و كاروانی نەپساوەی تێكۆشانی پێشمەرگایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و رێكخراوەیی و جەماوەریی خەڵكی كوردستان.

لەو كاروانە سەرکەشەدا، دڕندەیی و نەزعەی سڕینەوە و شەڕانگێزیی و پیلانی نەگریسی ڕژێمە دیكتاتۆرە شۆڤێنییەكان نەک هەر نەیتوانی شکست بە گەلەکەمان و  پارتیمان بێنێت، بەڵکە توانیمان قۆناغ بە قۆناغ مافەكانی گەلی كوردستان بە دەست بێنینەوە هەر له‌ لامەرکەزی و بۆ ئۆتۆنۆمی تا فیدڕاڵیی.

هەریەک لەو قۆناغانە دەستکەوتێکی مەزن بوون، هه‌روه‌كو چەسپاندنی هاوبەشایەتی کورد وعەرەب لە عێراق بە پێی دەستووری ساڵی(1959)، دواتر له‌ ئاكامی خه‌بات و خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌زه‌كانی شۆڕشی مه‌زن ئه‌یلوول حکومەتی ئەوسای عێراق ناچار کرا مل بۆ گفتوگۆ کەچ بکات لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش و  رێککەوتننامەی(11ی ئاداری 1970) له‌گه‌ڵ پارتیمان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر ئیمزابكات.

دوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار و پیلانی نێوده‌ڵه‌تی ساڵی (1975) و نسكۆی شۆڕش، شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول به‌رده‌وامی به‌ خه‌بات و تێكۆشان دا.

ئامانجی سەرەکی و ستراتیجی سەرکردایەتیی پارتیمان لەو قۆناغەدا بەردەوام بوون بوو بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، کە خۆی لە بەرجەستەکردنی شوناسی نەتەوەیی و داننان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەبینیەوە، هەر بۆیەش چەندین دەستکەوتی بەدواداهات لەوانەش ڕاپەڕینی شکۆداری (5ی ئاداری ساڵی 1991) کە بە بڕیاری سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی له‌ناوخۆی كوردستان و ڕه‌وانشاد جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌گوێره‌ی بەرنامەی بریارلێدراو و، بە بەشداری جەماوەری دڵسۆز لە شاری رانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێکرد.

ڕاپەڕین، وەک پەیامێکی هەقخوزانەی گەلەکەمان هاتە ئاراوە، بۆ بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی هەر لەو بارەوە (سەرۆک بارزانی) لە (22ی ئاداری1991)دا لە شاری کۆیە لەبەردەم جەماوەرێکی بێشوماردا لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، کە پێویسته‌ قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بگۆڕین بۆ شەرعیەتی یاسایی و، هەنگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنی دامه‌زراوه یاسایی و شه‌رعیه‌كان بنێین‌. دواتر لە (19/ 5/ 1992) ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردستان هەڵبژێردرا و حکومەتی کوردستان پێکهات بۆ بەڕێوەبردن و هەڵسووڕاندنی کاروبارەکانی هەرێم و بووە بەرجەستەکاری خواست و ویستی جەماوەر بە ڕێگایەکی شەرعی و یاساییانە.

جەماوەری ئازیزی کوردستان…

بەدرێژایی ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان کە شەرعیەتی یاسایی خۆی هەیە، ئامانجەکانی گەلەکەمان و کوردستانیان لەو هەرێمەدا بە پێی کارنامەی کابینەکانی حکومەت دەهاتە دی لەڕێگای بەرنامە و پلانێکی ڕێکوپێک و سەردەمیانە و دابینکردنی گوژمەی پێویست بۆ پرۆژە گرنگ و ستراتیجییەکان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئاوەدانیی و دابینكردنی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتیان، هەروەها  تێکڕای بوارەکانی ئاسایش و پێشەسازی و تەندروستی و کشتوکاڵ و پەروەردە و گەشتیاری و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، کە پێشڤەچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینی.

لە دەستکەوتە هەرە گرنگە سیاسییەکانی ڕاپەڕین بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی بوو، کە بڕیاردان بوو لەسەر سیستەمی سیاسیی فیدراڵیی و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عیراقێکی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق.

هەوڵەکانی پارتیمان بۆ چەسپاندنی فیدراڵی لە دەستووری نوێی عێراق بەردەوام بوو، هەر لەو ڕووەوە شاندی پارتیمان بەسەرۆکایەتی (سەرۆک بارزانی) له‌ زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چاره‌نووسسازدا له‌ به‌غدا به‌ هاوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ڕۆڵی له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی عێرقی نوێدا كاریگه‌ربوو و شانازی چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری نوێی عیراقدا به‌ركه‌وت.

پارتیمان به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ و بێ‌ كه‌مترین سازش له‌سه‌ر مافه‌ ڕه‌واكانمان، لە زۆر پرسی گرنگدا توانی شان بداته‌ به‌رپرسیارییه‌تی و كۆڵ نه‌دات تا دەروازەی ئاسۆی چاره‌سه‌ر به‌ ڕووی هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا بكاته‌وه‌ و ته‌نگانه‌ و گرفته‌كان به‌ره‌و كۆتایی ببات.

خۆشبەختانە و بە ھیممەتی خەڵک و پێشمەرگەی نەبەز و قارەمان، کوردستان بە سیاسەتێکی ئارامگر و خۆڕاگرانەوە و پاڵپشت بە حیکمەت و دووربینیی سیاسی (سەرۆک بارزانی) و دامەزراوە نیشتمانییەکانی و ھێزە سیاسییەکانی، توانیمان سەرکەوتوانە ڕەوایی قەوارەی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەکان بپارێزین و بەرگریان لێبکەین و ڕووبەڕووی ھەموو ئاڵنگاریی و ھەڕەشە و پیلانەکان ببیینەوە، لەوانەش ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

هاووڵاتیانی هێژا…

ئەمڕۆ هەلومەرجی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێ، کە چارەنووسی هەرێم و هاووڵاتیانی پێوە بەندە، بۆیە زیاتر پێویستمان بە هەماهەنگی و هاودەنگییە بۆ ئەوەی پارت و هێزە سیاسییەکان ڕۆڵی شیاوی خۆیان ببینن بۆ بەهێزترکردنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسییانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌وڵێك كه‌ به‌ ئامانجی لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پێشێلكردنی ده‌ستوور له‌ ئارادابێت، هەروەها پاراستنی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی و ڕێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و سه‌روه‌ریی وڵاتانی دراوسێ و، بەهێزترکردنی ستوونەکانی ئەمنییەت و ئارامیی و ئاسووودەیی هاووڵاتیان و پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری و بنەماکانی کۆمەڵگایەکی پێشكه‌وتوو و تەندروست و دوور لە توندوتیژیی و تاوانکاریی.

لە سەرینی ئەمەوە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە داکۆکیمان لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات کردووە و لەو ڕووەوە هەوڵیشمان داوە تا هەڵبژاردن لە وادەی گونجاوی خۆی بکرێ، بۆیە پشتیوانی لە فەرمانی هەرێمی ژمارە(252)ی ساڵی(2023)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بەدیارکردنی رۆژی(25)ی شوباتی ساڵی(2024) وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەم هەڵبژاردنە متمانە و شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی كوردستان نوێ دەكاتەوە به‌ پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی تازه‌، تا بونیادنانی ده‌ستوورێكی سه‌رده‌می بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ حوكمڕانییه‌كی تۆكمه‌تری لێ بكه‌وێته‌وه‌، هاوكات دەنگیشمان زوڵاڵتر ده‌كات له‌ عێراق بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان، لە ناوخۆیشدا بە ئیرادەیەكی جیددیتر كار بۆ چاكسازییەكی سەرتاسەری بكەین، كە بە قازانجی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و شەفافیەتی زیاتر و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بشكێتەوە.

لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵیش تاکو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە، هەموو هەوڵێک دراوە تا دانوستان لەگەڵ حكومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت ڕێچکەی راستی خۆی بگرێ و ڕێككه‌وتنه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و كارنامه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ جێبه‌جێبكرێن بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی بابەتە گرنگەکانی ئەمڕۆ لە ئارادان، وەکو ماده‌ی (140) و پرسی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بابەتی نەوت و پرسە هەڵواسراوەکانی دیكه‌.

لەو یادە شکۆمەندەدا، ئێمە له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە لە سەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە و جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و پارێزه‌ر و پاڵپشتی به‌هێزی دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بین، هه‌روه‌ها لەسەر کار و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان به‌رده‌وامده‌بین بۆ داکۆکیکردن لە بنەما ڕاست و دروستەکانی دیموکراسییەت و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن به‌ جیاوازیه‌كانیشه‌وه‌ و بەرفراوانکردنی پانتایی بەشداریکردنی سیاسی، هاوكات چاکترکردنی باری ئابوری و هەلومەرجی بژێوی رۆژانەی هاووڵاتیان.

لە یادی شازدەی ئابدا..

بەڵێن  بۆ سەركردە و دامەزرێنەری پارتیمان بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تێكڕای شەهیدانی پارتی و ڕێگای ڕزگاری كوردستان نوێ دەكەینەوە، کە پارێزەر و قوتابی بە وەفای ئەم رێبازە بین و تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی كە ئەوان لە پێناویدا گیانیان سپارد، كۆڵ نەدەین.

لە یادی شازدەی ئابدا

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان نەوی دەكەین و سڵاو و دروود  بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان..

دروود و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان..

سڵاو بۆ كادیرە دڵسۆزەكانی پارتیمان كە لە هەموو هەلومەرجێكدا خۆڕاگر و ماندوونەناس و نموونەی ورە و كۆڵنەدانن.

سڵاوی گەرم بۆ تێكڕای ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتیمان، ئەوانەی حەفتاوحەوت ساڵی ڕەبەقە ئاڵای پارتییان لە بەرزیدا هێشتۆتەوە و لە سەركەوتن و نسكۆ و لە هەوراز و نشێودا، باوەڕیان نەگۆڕ و ئیرادەیان پۆڵایین و پابه‌ندییان بە ڕێبازی بارزانی هەتا دێ پتەوتر دەبێ.

سڵاو و پێزانین بۆ خۆڕاگریی تێكڕای گەلی كوردستان، كە سەربەرز و خۆڕاگر بوون و سەلماندیان شكۆ و كەرامەتی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، هەر ئەو سەربەرزییەشە دواجار شكست بە پیلان و قەیرانەکان دێنێ.

به‌رز و پیرۆزبێت حه‌فتاوحه‌وت ساڵ خه‌بات و قوربانیدنی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان

هەر شەكاوە بێ ئاڵای کوردستان..

سەركەوێ خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورد و كوردستان..

بژی كورد و كوردستان..

مه‌كته‌بی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

15ی ئابی 2023