ئەحمەد گلی: بەڵگەمان لەبەر دەستە هەوڵی ساختەکاریی دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

پارێزگای کەرکوک لە ساڵی ٢٠٠٥وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدا نەکراوە و بڕیارە لە ١٨ ی ١٢ ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوە بچێت. جێگای ئاماژەیە شاری کەرکوک لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەدەست کورد بووە و پارێزگارەکەشی کورد بوو، بەڵام لەدوای کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە حکوومەتی عێراقی ئیدارەی شارەکەی بەدەستەوەیە و پارێزگاکەش بەنایاسایی بەڕێوە دەبرێت.

ئەحمەد گلی، ڕاوێژكاری به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگای كه‌ركوك-گه‌رمیان، لەم دیمانەیەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: لەم هەڵبژاردنە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەدەست دەهێنینەوە.

  • بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەو کاتەی بۆی دیاری کراوە لە بەرژەوەندی کوردە؟
  • بێگومان هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسسازه‌ بۆ كورد، له‌دوای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌رەوە، پارێزگارێكی نایاسایی و ناشه‌رعی سه‌پێنراوه‌ به‌سه‌ر كه‌ركوك و كوردانی كه‌ركوكدا، ده‌بینین ڕۆژانه چ زوڵم و سته‌مێك ده‌رحه‌ق به‌كوردانی ناوچه‌كه‌ دەکرێت. بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرینگه‌ سه‌رجه‌م كوردانی كه‌ركوك و سنووری پارێزگای كه‌ركوك، به‌شداری كارا بكه‌ن له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ‌به‌ده‌نگه‌كانیان بۆ لایه‌نی دڵسۆز و خه‌مخۆری كوردانی كه‌ركوك، كۆتایی به‌ئایدۆلۆجیای شۆڤێنی ڕاكان سەعید و ئه‌و زوڵم سته‌مه‌ بهێنن کە بەرامبەریان ده‌كرێت.
  • پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لەگەڵ شەش حیزب هاوپەیمانی پێک دەهێنێت، بۆچی لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی نەکردووە؟
  • پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌هیچ جۆرێك هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ خیانه‌تكارانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا ناكات، ئێمه و سه‌دان كادر و ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا ئاواره‌ین به‌هۆیی خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌رەوە‌، به‌چی لۆژیكێك كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ ماڵ و ژیانی خۆی بەجێ هێڵاوه‌ له‌كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌ داگیركراوه‌كان و ئاواره‌ی شاره‌كان بوونه‌، بڕۆین هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایەنە‌ بكه‌ین كه‌هۆكاری ئاواره‌ بوونمانن. ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك ڕێكه‌وتووین و لایه‌نه‌كان كاندیدیان ده‌بێت له‌ لیستی پارتیمان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
  • هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، چەند گرینگە بۆ کورد؟
  • ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکە بۆ کورد، تا بتوانین پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە ڕابگرین و ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌یده‌ن بۆ گۆڕینی دیمۆگراڤیای كه‌ركوك و سنووره‌كه كۆتایی پێ بهێنین. چه‌ندین باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و خانووی كادرانی پارتیمان كه‌ داگیركراون، بگه‌ڕێنینه‌وه‌. ئه‌و پۆسته‌ ئیدارییانە كه‌ له‌پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوون و مافی كوردن، بیگه‌ڕێنینه‌وه‌و خزمه‌تی كوردانی كه‌ركوكی پێبكه‌ین.
    ئه‌و گروپه‌ میلیشیانه‌ی به‌نایاسایی له‌ناو شاری كه‌ركوكن و زوڵم له‌كورد ده‌كه‌ن‌، وه‌ده‌ریان نێین و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی بۆ پۆلیسی ناوخۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌.
    ئەو کوردانەی تەرحیل کراون، بەڵام هاووڵاتی کەرکوکن، دەتوانن دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا؟
  • به‌پێی ئه‌م یاسایەی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك سانت لیگۆ ١.٧، چه‌ند خاڵێكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردا نییه‌؛ هه‌رچه‌ند له‌یاساكه‌ ده‌ڵێت؛ ئه‌وه‌ی سه‌رژمێری ساڵی ١٩٥٧ ی هه‌بێت ده‌توانێت ده‌نگ بدات، له‌خالێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت: له‌سنوری ئێستای پارێزگای كه‌ركوك ده‌توانرێت ده‌نگ بدرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و عه‌ره‌بە هاوردانه‌ی هێنراوه‌ته‌ سنووركه‌ ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وانه‌ی ته‌رحیل كراون یان ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئێستای سنوری پارێزگای كه‌ركوك ناتوانن ده‌نگ بده‌ن، هه‌روه‌ها له‌خاڵێكی دیكه‌ كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه‌، گرینگی بۆ ده‌نگی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ نه‌هێڵاوه‌. له‌یاساكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات پارێزگاری كه‌ركوك ده‌بێت به‌ڕێككه‌وتنی نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك دابنرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌رچه‌ند وه‌ك كورد ده‌نگی زۆرینه‌ بهێنین، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌ڕێككه‌وتن پارێزگار دابنێین.
  • هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، کەیسی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی دەکاتەوە؟ پێت وایە لەم هەڵبژاردنەدا پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد بێت؟
  • من به‌ده‌رفه‌تی ده‌زانم بۆ كورد كه‌ ئه‌م پارێزگاره‌ نایاسایی و ناشه‌رعیه‌ كۆتایی پێبهێنن. به‌ش به‌حاڵی خۆم گه‌شبینم، چونکە كوردانی كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌ خه‌ڵكانێكن زۆر دڵسۆزی خاك و نشتیمانن. له‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ده‌ست ده‌هێنینه‌وه‌.
  • دەنگۆیەک هەیە لایەنە عەرەبیەکان هەوڵی ساختەکاری دەدەن بۆ هەڵبژاردن، هەڵوێستی ئێوە چۆن دەبێت؟
  • ئه‌وه‌ ده‌نگۆیە، ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، عه‌ره‌بێكی هاورده‌ی بێشومار له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق هەن کە فۆرمی خۆراك و كارتی ده‌نگدانیان گواستراوه‌ته‌ كه‌ركوك، ئێمه‌ بەبه‌ڵگه‌ لامانه‌ کە ڕاكان سه‌عید و هاوئاوازه‌كانی به‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ساخته‌كاریدان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌ده‌ن درێژه‌ به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌پێندراوه‌یان بده‌ن.
  • کورد زوڵمی لێ دەکرێت لە کەرکوک؟
  • بێگومان كوردانی كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان به‌ر شاڵاوی ته‌عریب و زوڵم و سته‌م كه‌وتوون، ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌رە، پشت به‌خودا و خه‌ڵكی دڵسۆزی كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌ له‌نزیكترین كاتدا كۆتایی به‌م ته‌عریب و زوڵم سته‌مه‌ی ڕاكان سەعید و شۆڤێنیه‌كان ده‌هێنین.