فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر ئامانجێک لە سەیرانگای گۆڵێ لە پێنجوێن

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە سەیرانگای گۆڵێ لە پێنجوێن هێرشدەکاتە سەر ئامانجێک و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ئامانجێک لە ناوچەیەکی نزیک سەیرانگای گۆڵێ لە پێنجوێن و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی (11ـی ئابی 2023) فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەسەر رێگەی پێنجوێن لە نزیک ناحیەی ناڵپارێز ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا.

لەوبارەیەوە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی (11ی ئابی 2023)، کاتژمێر 15:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ملەی نەڵمە لە نزیک ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران.

هەروەها رۆژی (28ی تەمموزی 2023)، بەپێی بڵاوکراوەی دژەتیرۆری کوردستان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی رەنگێنە لە دەڤەری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار چەکدار کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

رۆژی (9ـی ئابی 2023) له‌ قه‌زای دووكان به‌ درۆن هێرشكرایە سه‌ر ئۆتۆمبێلێك و سیروان سه‌رحه‌د، قایمقامی قه‌زای دووكان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌ درۆن هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی جۆری جێب لاریدۆ له‌ رێگه‌ی دووكان بۆ قه‌زای خه‌له‌كان، له‌ نزیك گوندی قه‌ڵاته‌، دوو سه‌رنشینی تێدابوو و یه‌كێكێان خه‌ڵكی سووریایه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و هه‌ردووكیان برینداربوون و گواسترانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

لە رووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا، رۆژی 6ـی ئه‌م مانگه‌ فڕۆكه‌یه‌كی توركیا له‌ چه‌مانكێ ئۆتۆمبێلێكی كرده‌ ئامانج تێیدا هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی ئالان ئیسماعیل شه‌هید كرا كه‌ پێنج مانگ بوو ھاوسەرگیری کردبوو‌ و كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار بوو.

تەنیا لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، ئەوە پێنجەم هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر چەند ئامانجێک لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.