شاندی باڵای پارتی له‌ به‌غدا لەگەڵ لایه‌نه ‌عێراقیەكان کۆبۆوە

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کورستان و لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌غدا کۆبوونەوە و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەکی زۆرباشمان لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەنجامدا.

دوێنێ دووشەممە (7ـی ئابی 2023) لە بەغدا، شاندی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی له‌ به‌غدا له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی هادی عامری و به‌ ئاماده‌بوونی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت کۆبوونەوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرایکرد کە کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی و زۆر باشیان لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەنجامدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی، شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێـمی کوردستان و رێککەوتن لەسەر وادەی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا گفتوگۆیان کرد.
بەپێی زانیارییەکان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکە شاندەکە پەیامی پارتی بە لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت گەیاندووە لەبارەی پەیڕەوکردنی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراوە.
هەروەها ئەندامێکی شاندەکەی پارتی بە نەورەس عەبدوڵڵا، بەپێی زانیارییەکان، هەموو ئەو تێبینیانەی پارتی هەیبووە لەسەر کۆی پرۆسەی بەڕێوەبردنی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کۆبوونەوکەدا باسکراوە و وەڵامی سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت ئەرێنی بووە.
لە کۆبوونەوەکە شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی نیگەرانییەکانی خۆیان لە جێبەجێنەکردنی بەشێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان و کارنامەی کابینەی حکومەت و شێوازی هاوبەشیکردن و بڕیاردان لە پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان گەیاندووەتە سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندامەی شاندی باڵای پارتی، پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و نووسینەوەی رەشنووسی یاسای نەوت و غاز و تەوافق و هاوبەشیکردن وەک ئەوەی لە رێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت و رێککەوتنی (4ـی نیسانی 2023)ـی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە.
لەلایەن خۆیەوە، شاندی پارتی جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی و کارنامەی کابینەکەی سوودانی کردووەتەوە، کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکراون و حکومەتی عێراق دەبێت پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکانی ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان لە رووی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی لە یاسای نەوت و غاز.
دوای کۆبوونەوەکەش، نووسینگه‌ی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا لەگەڵ شاندی باڵای پارتی پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و دۆسییه‌ی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، هەروەها تاووتوێی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرا و جه‌ختیش له‌ چاره‌سه‌رییه‌كان به‌ پێی ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی كرایه‌وه‌.
شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا پێکهاتوون