شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات

شاندێکی مەکتەب سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ حزب و سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدەدات.

ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئابی 2023، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، سبەی یەکشەممە، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ژمارەیەک حزب و سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.

بە گوێڕەی هەمان سەرچاوە شاندەکەی مەکتەب سیاسی پارتی، پرسی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و ژمارەیەک پرسی دیکە لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات. 

فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات و هەر یەکە لە هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق، فوئاد حوسێن و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی مەکتەبی سیاسی سەردانی بەغدا دەکەن.

هاوکات ئەمڕۆ شەممە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.

بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای نەوت گاز سەردانی بەغدایان کردووە.

یەکێک لەو پرسانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەماوەی ئەمساڵدا لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە حکومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،  بڕی 598  ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە. هەمان رۆژ دابەشکردنی مووچە بە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا.

رۆژی چوارشەممە 2ـی ئابی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، “نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو”

بەگوتەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق دووپاتكردووه‌ته‌وه‌”.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، په‌یوه‌ندی به‌ هیچ هۆكارێكی ته‌كنیكی و هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌، “به‌ڵكوو سته‌مێكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت”.

کۆبوونەوەکەی سوودانی و پێداچوونەوە بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 2ـی ئابی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی، وەزیرانی دەرەوە، نەوت، پیشەسازی و راوێژکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕی تەکنیکی و یاسایی؛ بۆ تاوتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزیرانی کرد بۆ سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوە بە دوایین رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کرا، کە لەلایەن کابینەی سوودانییەوە ئامادەکراوە. سوودانی جەختی لەوە کردەوە، پڕۆژە یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە یاسا بنەڕەتی و گرنگەکان و فاکتەری هێز و یەکگرتووییە بۆ عێراق. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق پێویستییەکی زۆری بە یاسادانان و سوود وەرگرتن لەم سامانە سروشتییە هەیە، لە هەموو بوار و کەرتەکاندا، هەروەها بەشداری یاسادانانی یاساکە لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا دەکات.

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز

بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى، کە لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێککەوتوون، هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمى کوردستان سەرپشک دەکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەى نەوت و بودجە تاوەکو لە ماوەى شەش مانگدا یاساى نەوت بە گوێرەى دەستوور گەڵاڵە دەکرێت.

سەرەتای ساڵی 2007 یەکەم کۆپیى رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لەلایەن حکومەتى ئەو کاتی فیدراڵیی عێراقەوە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی ئامادە کرا و لە 43 ماددە پێکهاتبوو، بەڵام ئەوکات بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمان پەسەند نەکرا.

لە پڕۆژەیاساکەی ساڵی 2007ـی پڕۆژەیاسای نەوت و گازدا هاتبوو، “پێویستە ئەنجوومەنى فیدراڵیى نەوت و گاز پێکبهێندرێت کە ئەرکى دیاریکردنى سیاسەتى نەوتى دەبێت لە عێراق و هەرێمى کوردستان نوێنەرێکى بە پلەى وەزیر تێدا دەبێت.”

دوای چوار ساڵ و لە 2011 پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا و لە 49 ماددە پێکهاتبوو و ئەویش بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە پەرلەمان پەسەند نەکرا.

تا ئێستا دیار نییە حکومەتی عێراق پشت بە کامە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەبەستێت و رەوانەی پەرلەمانی دەکات بۆ ئەوەی پەسەند دەکرێت، چونکە گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە بەردەوامن.