بەرەوپێشبردنی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە ستراتیجیی حکوومەتە

کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بە بناغەی پێشکەوتن و فاکتەری سەرەکیی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتاندا هەژمار دەکرێت، ماوەیەکە پڕۆژەکانی ئاژەڵداری لە کوردستان زۆر بوون و ژمارەیەکیشیان ستراتیجین و بە تەواوکردنیان هەزاران دەرفەتی کار و کاسبی دێتە کایەوە و وێڕای گلدانەوەی سەرمایە و ڕێگریی لە چوونەدەرەوەی پارە و دابینکردنی دەرفەتی کار، ئابووریی کوردستان دەبووژێننەوە.

یەكێك لە پلانە ستراتیجییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخدان و بەرەوپێشبردنی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووە و حکوومەت ئاسانکاری زیاتری بۆ خاوەن پڕۆژە و وەبەرهێنەرەکان کردووە تا لەم ڕووەوە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی زیاد بکەن.
لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک پڕۆژەی شیرەمەنی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون کە ئێستا بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا دەبینرێن و کوالێتییان بەراورد بە بەرهەمی هاوردە زۆر بەرزترە و لە لایەن خەڵکیشەوە پێشوازییەکی باشیان لێ دەکرێت.
وەک ئاشکرایە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خێزان و یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی خۆراک شیرەمەنین و بۆیەش داخوازییەکی زۆر لەسەر ئەو بەرهەمانە هەیە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوەی لە کوردستان هەیە ناتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.
ماست، شیر، کەرە، قەیماغ، پەنیر، لۆرک و دۆ و چەند جۆرێکی تری شیرەمەنی بەشێکی گرنگی دووکان و مۆڵەکانی داگیر کردووە و بازرگانییەکی زەبەلاح لەم کەرتەدا دەکرێت. ڕۆژانە بە قەبارەیەکی زۆر شیر و بەرهەمەکانی چ لە تورکیا، چ لە ئێران و چ لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا هاوردەی کوردستان دەکرێن و بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە سەرمایەی کوردستان بۆ دەرەوە دەگوارێتەوە. ئەمە جگە لە کێشەی نادڵنیایی لە بەرهەمهێنانی ئەو خۆراکانە، زۆر جار دووری ڕێگە و کۆگاکردن و گواستنەوە و هەندێک جاریش بەسەرچوونی ماوەی بەرهەمهێنان، کێشەی تەندروستییان بەدواوە بووە.
گلدانەوە و ڕێگریی لە چوونەدەرەوەی سەرمایە تەنیا لە ڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەرێمی کوردستان بەو خاک و ئاو و هەوا گونجاوەی هەیەتی دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا پێویستە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.
پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ بە بەرهەم و شیرەمەنی خۆماڵی و گۆڕینی ڕەفە و ساردکەرەوەی دووکانەکان لە بەرهەمی بیانییەوە بۆ بەرهەمی خۆماڵی، کاریگەرییەکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر گەشەی ئابووری و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی بەدیهاتنی هەزاران هەلی کار و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گوندەکان.
هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیە پرۆژەیەكی بەخێوكردن و بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆك ڕاگەیەنرا کە پڕۆژەکە زۆر گەورە و ستراتیجییە و لەسەر ڕووبەری ١٠٠٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵەوە بەرهەمەکانی بخاتە بازاڕەکانی کوردستان.
بەگوتەی ڕەقیب ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری پروژەكە، تێچووی ئەم پرۆژەیە ٦٠٠٠٠٠٠٠ دۆلارە و٢٠٠٠ تا ٣٠٠٠ مانگای شیردەر لەو پڕۆژەدا بەخێو دەکرێن و بەیەکەوە دەتوانن رۆژانە ١٢٠ تۆن شیر بەرهەم بهێنن.
هەر لەو پڕۆژەدا ئەو شیرەی بەرهەم دەهێنرێت دەکرێتە ماست و ماستاو و پەنیر و شیری به تامی میوه و تامە جیاوازەكان و پاشان ڕەوانەی بازاڕەکانی کوردستان دەکرێن، ئەمەش بە گوتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم کارگەیە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەم جۆرە بەرهەمانەی لێ بەرهەم دەهێنرێت. پێویستە بگوترێ ٨٠%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و لە كۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەكرێت و بەتەواوبوونیشی دەبێتە گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق. خاوەنی پڕۆژەکە ستایشی حکوومەتی کردووە لەوەی لە دابینکردنی زەوی و كارەبا و ئاو و پێویستییەكانی تر کارئاسانی بۆ کردووە.
ماوەی ڕابردوو لە ناوچەی بارزانیش پڕۆژەیەکی تری تایبەت بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان جێبەجێ کرا و ئێستا بەرهەمەکانی ئەو پڕۆژەیەش لە بازاڕەکانی کوردستان دەبینرێن.
پڕۆژەکە بووەتە هاندەرێکی سەرەکیی جووتیاران و ئاژەڵداران و دانیشتووانی گوندەکان بۆ ئەوەی هاوکار بن لە پەرەپێدانی بەرهەمەکان و هەر لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا کارگەکە ئاگادارییه‌كی ئاراسته‌ی ئاژه‌ڵدارانی سنووری سیده‌كان کردووە و داوای لێ کردوون بەرهەمەکانی شیر ڕادەستی کارگەکە بکەن. هەبوونی کارگەیەک بۆ کۆکردنەوەی شیر، هانی ئاژەڵداران دەدات لە گوندەکان بایەخی زیاتر بە ئاژەڵداری بدەن، چونکە هیچ ترسێک نییە بەرهەمەکە لە دەستیاندا بمێنێتەوە و نەگاتە بازاڕەکان و پێشبینی دەکرێ بەم هەنگاوە کۆچ پێچەوانە ببێتەوە و خەڵک بۆ دابینکردنی هەلی کار لە شارەوە ڕوو لە گوندەکان بکەن.
لە پارێزگاکان و شوێنە جیاوازەکانی تری هەرێمی کوردستان خەریکە پەرە بەم جۆرە پڕۆژانە دەدرێ و هەنگاوەکەش لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوەندە گرنگ و کاریگەرە کە دەتوانێت هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی بەکاربەری شیرەمەنییەکان بۆ ناوچەیەکی بەرهەمهێنەر بگۆڕێت و ئابوورییەکەی پێ ببووژێنێتەوە.