لە هەرێمی کوردستان هیچ گوشارێک نەخراوەتە سەر ئاوارەکان بۆ گەڕاندنەوەیان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەدان هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بەڵام لەبەر دۆخی نالەباری ناوچەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هۆزەکانی ناوچەکە، دەست بە قۆناغێکی تری گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکرێت.

زۆربەی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن هی پارێزگای نەینەوان و لەو ئاوارانەش زۆرینەیان لە دهۆک نیشتەجێن، بەشێکیان لە نێو کەمپەکان و بەشێکی تریشیان لە نێو شار و شارۆچکەکان لە ئارامی و ئاسایشدا دەژین. دەیان خێزان بارگە و بنەیان پێچاوەتەوە و بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە مێدیاکانی ڕاگەیاندبوو، ئەمە دووەم قۆناغی گەڕانەوەی ئاوارەکانە و لە قۆناغی یەکەمدا ٤٤٤ خێزان بۆ زێدی خۆیان گەڕابوونەوە.
ئەو بە پێویستی دەزانێت سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق هەوڵەکانی خۆیان بەگەڕ بخەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ بکرێت، چونکە جێبەجێکردنی مادەکە بە واتای گەڕاندنەوەی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە دەبێت. لای خۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکرێت.
دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە کە پێشمەرگە لە سنووری مادەی ١٤٠ کشایەوە دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە بە تەواوی تێکچوو و تا ئەم ساتەش زۆربەی ناوچەکانی سنووری مادەی ١٤٠ ئاسایش و ئارامییان بۆ نەگەڕاوەتەوە و باشبوونی دۆخی ناوچەکە گرێ دراوە بە جێبەجێکردنی مادەکە کە دەبوایە ١٦ ساڵ لەمەوبەر جێبەجێ بکرێت.
پێویستە بگوترێ هەرێمی کوردستان لانکەی لێقەوماوان و ئاوارەکان بووە و هەر کەس لێی قەومابێت لە هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ کراوەتەوە و پێشوازی لێ کراوە و لە هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوە و بۆ گەڕاندەنەوەشی بۆ زێدی خۆی، هیچ گوشارێکی نەخراوەتە سەر.
ڕێبەر ئەحمەد، ئەوەشی گوتووە؛ دەرگاکانی هەرێمی کورستان بەڕووی لێقەوماواندا کراوەتەوە و بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەهەر هۆکارێک ستەمیان لێ دەکرێت و ڕادەکەن. پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ دەشتی نەینەوا و شنگال دەستی پێکردووە و گەڕاندنەوەکەش زۆرەملێ نییە و بە ویستی خۆیان ئاوارەکان بڕیاری گەڕانەوە دەدەن.
جێی باسە هەرێمی کورستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی شنگال لە ڕابردودا ڕێککەوتننامەیەکیان مۆر کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێککەوتننامەیە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و بۆیەش وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی بەغدا کرد کە ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکات چونکە سەرووی ٣٠٠٠٠٠ ئێزدی چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و زێدی سەرەکیی خۆیان دەکەن.
زۆربەی ئەو ئاوارانەی لە قۆناغی دووەمدا دەست بە گەڕانەوەیان کراوە، پێوەندیدارن بە ناوچەی خازر و بۆیەش سەرۆک هۆزەکانی ئەو سنوورە ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا یارمەتیی ئەو ئاوارانەیان داوە و خزمەتیان کردوون.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کاتێکدا پێشوازی لەو ئاوارەکانی سنووری مادەی ١٤٠ و پارێزگاکانی تری عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی سووریا کردووە، کە خۆی لە قەیرانی داراییدا بووە و کۆمەڵێک کێشە و تەنگژە بەربینگی گرتووە. هەرێمی کوردستان چی لە دەستی هاتبێت بۆ ئاوارەکان پێشکەشی کردووە و تا ئەم ساتەش بە هاوکاری ڕێکخراوە خێرخوازی و مرۆییەکان لە یارمەتیدانی ئاوارەکان بەردەوامە.
گەورەترین و بەهێزترین شەپۆلی ئاوارەکان بەرەو هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بە تایبەتی دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێڕشی کردە سەر شنگال و ویستی ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ بکات. سەدان هەزار ئێزدی خۆیان گەیاندە کوردستان و هەزارانی تر کەوتنە دەستی داعش کە ژمارەیەکی زۆریان کوژران و ژماریەکی زۆریش بزر بوون. هێشتا سەدان هەزار ئاوارە لە کوردستانن و چاوەڕوانن دۆخی سنووری مادەی ١٤٠ ئاسایی ببێتەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ھەواڵی زیاتر