سبەی پارتی بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆماردەکات

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک رایگەیاند، هێشتا دەرفەت بۆ یەک لیستی کورد ماوە و ئەگەر وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەتەکان درێژنەکرێتەوە، سبەی یەکشەممە پارتی بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆماردەکات.

رۆژی شەممە (29ـی تەمموزی 2023)، سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێشتا دەرفەتی یەک لیستی ماوە و وەک پارتی لەسەرەتاوە لەگەڵ یەک لیستی بوونە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

وابڕیارە کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023) وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانیەتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی بێت و بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووکیش رایگەیاند، ئەگەر وادەکە درێژنەکرێتەوە، ئەوا سبەی بە فەرمی خۆیان تۆماردەکەن.

لەبارەی ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سامان رەشید جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، پارتی زۆر بە باشی خۆی ئامادەکردووە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات و دڵنیاشن لەوەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن.

هاوکات بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت گفتوگۆ و دانیشتنی چڕ لەگەڵ ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی کراوە و بۆچوون و تێڕوانینیان لەیەکەوە نزیکە و داوایانکردووە پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

سەبارەت بە دەرئەنجامی گفتوگۆکانیش، سامان رەشید رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و هۆکاری دواکەوتنی ناوتۆمارکردنیشیان بۆ گفتۆگۆکان لەگەڵ ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە و سبەی یان دوو رۆژی داهاتوو زۆر پرس یەکلایی دەبنەوە، هەروەها گوتیشی، هێشتا دەرفەتی یەک لیستی ماوە و هیوادارن کۆبوونەوەکەی بەیانی یەکێتی و پارتی لە دەباشان ئەنجامی باشی هەبێت و رێککەوتن لەوبارەیەوە بکرێت .

لە کەرکووک تائێستا لایەنە کوردستانییەکان نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی کە بە چەند لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، ئەوەی ئێستا هەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی پارێزگاکە، کورد بە سێ یان چوار لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات، پارتی و ژمارەیەک حزب بەجیا و یەکێتی و چەند حزبێک و نەوەی نوێش بەجیا، ئەگەریش هەیە لیستی دیکەش دروست بێت و بگاتە چوار لیست.

هاوکات سامان رەشید هەڵوێستی پارتی دووپاتکردەوە کە “یەک لیستی پێباشترە لە دوو لیستی، هەروەها دوو لیستی پێباشترە لە سێ و چوار، چەند لیست کەمتر بێت کورد کورسی زیاتر بەدەست دەهێنێت”، داواشیکرد سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بەرژەوەندی کورد و داهاتووی کەرکووک لەبەرچاوبگرن.

هەروەها رۆژی (28ـی تەمموزی 2023)، مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک پارتی گەیشتوونەتە ئەوەی هاوپەیمانیەتییەکی کەرکووکیانە دروست بکەن کە زۆبەی خەڵکی کەرکووک لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی تێدا بێت، ئاشکراشیکرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەوت لایەن بۆ هاوپەمانییەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانیەتییەکان دەکاتەوە.

ڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.

هەروەها پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک  و نەینەوا.

سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.

بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.