لە دیوانی پارێزگای هەولێر تاووتوێی λگرفتەکانی هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت کرا

له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی هاووڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەتی شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هاوکات جەختیان لەسەر زیاتر خزمه‌ت گه‌یاندن‌ به‌ هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر و هه‌ڵوه‌سته‌ كردن له‌سه‌ر داخوازی و كێشه‌كانیان و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنیان کردەوە.

ئەمڕۆ (27ـی تەمموزی 2023) لە دیوانی پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کۆبوونەوەیەک بەمەستی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی هاووڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەتی شاری هەولێر بەڕێوەچوو، چەندین تەوەر لە کۆبوونەوەکە باسکرا و هەروەها باسیش لە چارەسەریەکانی ئەم گرفتانەش کران.

ئەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر باس کران، بریتیبوون لە چاره‌سه‌ر گرفتی زه‌وییه‌ سندووقییه‌كان له‌ سنووری شاری هه‌ولێر، چاره‌سه‌ركردنی گرفتی سنووری نێو حه‌ره‌می گونده‌كان و دیاریكردنی رێگری و ئاسته‌نگه‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانی به‌رده‌میان، پرسی نووژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوو و كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و بابه‌ته‌‌ گشتیانه‌، جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وییه‌كان به‌ سه‌نه‌د

ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بۆ‌ سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتییانی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ته‌كانه‌” ئه‌وه‌ش له‌ژێر رینماییه‌كانی رێزدار سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ تاكیدی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ كردۆته‌وه‌” بۆ زیاتر خزمه‌ت گه‌یاندن‌ به‌ هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێرو هه‌ڵوه‌سته‌ كردن له‌سه‌ر داخوازی و كێشه‌كانیان و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنیان” به‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌ژاراندا بشكێته‌وه‌.

لەلاین خۆیەوە، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته‌ گرفت و ئاریشه‌كانی به‌رده‌م هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌ و گله‌ییه‌كانییان رێگه‌چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌

گوتیشی: ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌باره‌یه‌وه‌ كۆبووینه‌وه‌، به‌ یاسا له‌لایه‌ن به‌رێز سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ ده‌رچوون‌، پێویسته‌ وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن و چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و گرفت و ئاڵنگارییه‌ی به‌رده‌م ئه‌و رێنماییانه‌ بكرێت.

وه‌زیری ناوخۆ هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ده‌بێت لایه‌نه‌ جێبه‌جێكاره‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان بن، بۆیه‌ ده‌بێت ئالییه‌تێك بۆ لابردنی له‌مپه‌ره‌كان بدۆزرێته‌وه‌.

وه‌زیری ناوخۆی باسی له‌وه‌شكرد، هه‌موو ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ی كه‌ بۆ ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌پێناویاندا كۆبووینه‌وه‌، ده‌بێت وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن. ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌، كه‌وا فه‌لسه‌فه‌ی ئیداره‌دانی حكومه‌ت، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانه‌ به‌گشتی .

لەلایەکی دیکەوە، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئامانج له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌روه‌ها به‌دواداچوونه‌ بۆ ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ و بۆ خزمه‌تی چینی هه‌ژاران و هاووڵاتیانه‌ به‌ گشتی ده‌ركراون.

ساسان عه‌ونی باسی له‌وه‌شكرد، نه‌بوونی رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی رۆتینی زۆر، ئه‌ركی هه‌موومانه‌ رۆتین كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی پته‌و له‌نێوان فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت دروست بكه‌ین.