به‌ زیاتر له‌ پێنج ملیار دینار چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كرێت

چواس خالید – هەولێر

له‌ دوو ڕۆژدا و به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ پێنج ملیار دینار، پێنج پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری لە ڕۆنانی شه‌قام و قیرتاوكردن و لێدانی بیری ئاوی خواردنه‌وه‌ و پاككرده‌وه‌، له‌ هه‌ولێر و كفری و سلێمانی و سنووری پارێزگای دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێن.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی ملیارێك و سه‌د و شه‌ست و یه‌ك ملیۆن دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌كانی شیلادزێ و سیرێی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك ته‌رخان ده‌كات.
پڕۆژه‌كه‌ به‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك و شاره‌وانیی شیلادزێ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌.
به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووری شاره‌وانی خانكێ به‌ دروستكردنی ڕێگاوبان، زیادتر له‌ ملیارێك و هه‌ژده‌ ملیۆن دینار ته‌رخان ده‌كرێت.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٠٠%ی داهاتی فرۆشتنی زه‌وی ڕووكنی شاره‌وانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی خانكێیه‌، كه‌ له‌ پلانی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامی ناوخۆیی له‌ خانكێ و له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك هاتووه‌.
له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری چاره‌كردنی گرفتی ئاوی به‌ هاووڵاتیانی شاری كفری دا، به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاووڵاتیانی شاری كفری، به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د ملیۆن دینار و به‌زووترین كات، ده‌ست به‌ لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ ئەو شارە ده‌كرێت.
له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی ڕاسپارد به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا كاره‌كانی لێدانی بیری ئاو لەوێ ته‌واو بكرێت.
هاوكات له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامێكی سه‌د مه‌تری له‌ نێوانی پێنجی حه‌سارۆك و هه‌شتی حه‌سارۆك كرا.
به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و حه‌فتاو چوار ملیۆن دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر، ده‌ستكرا به‌ بنیاتنان و قیرتاوكردنی شه‌قامی سه‌د مه‌تری نێوان پێنجی حه‌سارۆكان و هه‌شتی حه‌سارۆكان، كه‌ مه‌وداكه‌ی دوو كیلۆمه‌تره‌، ئه‌و شه‌قامه‌ گه‌ڕه‌كی پێنجی حه‌سارۆكان به‌ شاقامی سه‌ره‌كی هه‌ولێر- كۆیه‌ و شه‌قامی شه‌ست مه‌تری و هه‌شتی حه‌سارۆكان ده‌به‌ستێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردتان به‌ هاووڵاتیانی، به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پێشکەشکردنی ژینگه‌یه‌كی پاك و ته‌ندروست و پاكڕاگرتنی سیمای ته‌واوی ناوچه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌مان، به‌ فه‌رمانی ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ڕه‌زامه‌ندی درا به‌ ته‌رخانكردنی ملیارێك و چوار سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش ملیۆن و شه‌ش سه‌د و چل و یه‌ك هه‌زار و دوو سه‌د و حه‌وت دینار، به‌ مه‌به‌ستی خاوێنكردنه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ و داپۆشینی خاشاكی شه‌ش زۆنی سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی.
ئه‌و گوژمه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌سه‌ر بودجه‌ی ئاسایی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.