تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکەن کە لەکاتی دەستگیرکردنیان بڕی زیاتر لە نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ماریجوانایان پێ بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەندراوکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان؛ تۆمەتبارەکان دوێنێ یەکشەممە (23ـی تەممووزی 2023) دەستگیرکراون و لەکاتی دەستگیرکردنیان “نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ماریجوانایان پێ بووە”. هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە، ئەو سێ کەسە لە سنووری کامە پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕۆسەی دەستگیرکردنی ئەو سێ تۆمەتبارە دوای “وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش” بووە و “پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبار کراوەتەوە و ڕووبەروی یاسا دەکرێنەوە.”