چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دابین دەکرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی ٣ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی تالاسیميا لە پارێزگاکانی هەرێم.

لە سۆنگەی بەرپرسیارەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیميا، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی بڕی ٢ ملیار و ٨٧١ ملیۆن و ٦٩٨ هەزار دینار، بە مەبەستی دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبوانی تالاسیميا لە پارێزگاکانی(هەولێر، سلێمانی، دهۆک)، بە جۆرێک بڕی ملیارێک و ٦٦ ملیۆن و ٣٧٥ هەزار دینار بۆ پارێزگای هەولێر، ملیارێک و ٦٦ ملیۆن و ٣٧٥ هەزار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی، ٧٣٨ ملیۆن و ٩٤٨ هەزار دینار بۆ پارێزگای دهۆک. ئەم گوژمەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی پەیوەندیدار بە پارێزگاکە خەرج دەکرێت.