نێچيرڤان بارزانى سكووڵه‌رشيب بۆ‌ ده‌رچووانى ئه‌مساڵى يه‌كه‌م و دووه‌م و ‏سێيه‌مى ئاماده‌يى دابين ده‌كات

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/7/10 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ يه‌كه‌م و دووه‌م و سێيه‌مه‌كانى ده‌رچووى ئاماده‌يى له‌سه‌ر ‏ئاستى هه‌رێمى كوردستان و دايكوباوك و كه‌سوكاريان كرد.‏

له‌ ديدارێكدا كه‌ به‌ڕێزان وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستان‌ و ژماره‌يه‌ك له‌ ‏به‌رپرسانى وه‌زاره‌ت ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش ‏كرد و تيايدا به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ‏خواستن. ‏

به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خێزان و كه‌سوكاريان، هه‌رێمى كوردستان ‏به‌گشتى شانازى به‌وانه‌وه‌ ده‌كات و دڵنياى كردنه‌وه‌ كه‌ سكووڵه‌رشيب بۆ‌ هه‌موو ‏ده‌رچووانى ئه‌مساڵى يه‌كه‌م و دووه‌م و سێيه‌مى ئاماده‌يى له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى ‏كوردستان دابين ده‌كات تا له‌ زانكۆكانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ خوێندن ‏بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێز وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێمى كوردستانى ڕاسپارد ‏بۆ كارى پێويست.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پيرۆزبايى له‌ كه‌سوكارى ده‌رچووان و ‏مامۆستايانيان و له‌ به‌ڕێزان وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ و ستافى وه‌زاره‌ت كرد و وه‌ك ‏به‌شێكى ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى له‌ قه‌ڵه‌م دان‌، جه‌ختيشى له‌وه‌‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رچووانى ‏ئاماده‌يى له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌دا سه‌ركرده‌ى داهاتووى وڵاتن و ده‌توانن خزمه‌ت به‌ گه‌ل ‏و وڵاته‌كه‌يان بكه‌ن. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها ڕێز و پێزانينى بۆ شه‌ونخوونى و ‏ماندووبوونى ده‌رچووان ده‌ربڕى.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ئالان حه‌مه‌ سه‌عيد وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ و ده‌رچووان و ‏كه‌سوكاريان، سوپاس و پێزانينيان بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كورستانيان ده‌ربڕى ‏بۆ سكووڵه‌رشيب و پشتگيرى و هاندانيان.‏

له‌ ديداره‌كه‌دا چه‌ند بيروڕا و سه‌رنج و تێبينييه‌ك ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى خوێندن و ‏كێشه‌كانى به‌گشتى و ده‌رفه‌تى كار بۆ ده‌رچووانى زانكۆ و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى ‏په‌يوه‌نديدار به‌ خوێندن و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌وه‌‌، خرانه‌ ڕوو. ‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ سه‌ره‌تاى قسه‌كانيدا گوتى:‏

‏”هەموو لایەكتان بە خێر بێن. لە هەر شوێنێكی كوردستانەوە هاتوون، بەخێر بێن ‏سەر چاوان. دەمەوێ پیرۆزباییەكی گەرم لە هەر هەمووتان بكەم، هيوادارم ‏سەركەوتوو و سه‌رفراز بن. ئێوە قۆناغێكی زۆر گرنگی ژیانتان تەواو كرد بە ‏سەركەوتوویی، هیوادارم قۆناغەكانی تری خوێندنیشتان هەروەك ئەوەی ئێستا بە ‏سەركەوتوویی و بە خۆشی تەواو بكەن.”‏

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها ستايشى خێزانى ده‌رچووانى كرد و گوتى: “بەبێ پشتگیریی ‏خێزانەكانتان، دایكوباوك و كەسوكارتان، دڵنیام نەتاندەتوانی ئەمڕۆ ئەو سەركەوتنە ‏بەدەست بهێنن. پیرۆزبایی و دەستخۆشی و سوپاسێكی گەرم لە ماڵباتی ئێوە ‏دەكەم، هيوادارم ئەوانیش سه‌رفراز و سەركەوتوو بن.” ‏

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها به‌ ده‌رچووانى گوت: “ئێوە لەم قۆناغەی كە ئێستا بەجێتان ‏هێشت و پێتان خستە قوناغێكی نوێ لە خوێندندا، بە دڵنیاییەوە ئەزیەتی زۆرتان ‏كێشاوە تا ئەمەتان بەدەستهێناوە. بە ڕاستی ئێمە شانازیتان پێوە دەكەین، ئەمڕۆ ‏كوردستان پێویستی بە ئێوه‌یە، قۆناغی ئەمڕۆی كوردستان پێویستیی بەوە هەیە ‏ئێوە بە چەكی قەڵەم و بە چەكی زانست خۆتان پڕچەك بەكەن.”‏

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گوتى: “ئێوە ‏ئایندەی ئەم وڵاتەن، ئایندەی ئەم وڵاتە بەدەست ئێوەیە و ئەمەی ئەمڕۆ جێگەی ‏خۆشحاڵیييه‌ سەیرم كرد كە دەهاتنە ژوورەوە تا حەدێكی زۆر ئافرەت و كچ لەناو ‏ئەو سەركەوتووانەدا دیارن، ئەمەش خۆی جێگەی شانازییە. ئایندەی ئەم مللەتە بە ‏دەست ئێوەیە و ئایندەی ئەم مللەتە لەم قۆناغەدا زانستە، خوێندنە، خۆپێگەیاندنە ‏بۆ ئەوەی ئێمەش بگەین بە كاروانی ئەو وڵاتانەی كە پێشكەوتوون. ئەو ئاڵایە ‏هەڵگرن و كوردستان سەربەرز بكەن، بەرەو پێشەوە و بەرەو قۆناغی نوێى ببەن و ‏ئایندە هی ئێوەیە.”‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاسی وەزارەت و ستافی وەزارەتى كرد و ‏گوتى: “سوپاسی جەنابی وەزیر و جێگری وەزیر و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ‏هەر یەكێك بە شێوەیەك ماندوو بوون لەگەڵ ئێوە، بەڵام سوپاسێكی تایبەتیم بۆ ‏مامۆستایانی ئێوە هەیە. لێرەوە دەمەوێ دەنگی خۆم بگەیەنم بە وان و سوپاسیان ‏بكەم و پێیان بڵێم سوپاستان دەكەین بۆ ئەو ماندوبوونە، سوپاستان دەكەین كە ‏ئێوە بە هەموو ئەو دۆخە ناخۆشەی هەبووە قەت نەتانهێشتووە پرۆسەی خوێندن لە ‏كوردستان ڕابگیرێ و بەردەوام بوون. ‏

له‌ كۆتاييدا به‌ڕێزيان ڕوو له‌ ده‌رچووان گوتى: “دڵنیا بن ئێوە جێی شانازین بۆ ‏كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. ئەم ئەمانەتە لەدەست ئێوەدایە و بە هەموو ‏هێز و توانا ئەم ئەمانەتە وەربگرن و بەرەو پێشەوەی ببەن. هيوادارم هەمووتان ‏تەمەندرێژ دەبن و لە ژیانی خۆتان سەركەوتوو دەبن. جارێكی دیكە بە خێر بێن.”‏