سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: ئەم ھەفتە یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم ھەفتە وەزارەتی دارایی ڕێنمایەکان دەردەکات و کار بە یاسای بودجە دەکرێت، بەمەش دۆخی ئابووری دەچێتە قوناغێکی نوێ. دەشڵێ: بودجە بەو شێوەی پەسەند کراوە دەبێت جێبەجێ بکرێت و ھەموو پابەندی و مافەکانیش بەڕوونی تێیدا نووسراوە حکوومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا.

وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی ڕابردوو لیژنەیەکی ھونەری لەسەر ئاستی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کۆبوونەتەوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە حەفتا و ھەشت ماددە پێکھاتووە و کۆی گشتی بودجەش بە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کە داھاتی گشتی عێراق بۆ ئەم ساڵ بە سەد و سی و چوار ترلیۆن و پێنج سەد و پەنجا و دوو ملیار و نۆسەد و نۆزدە ملیۆن و شەست و سێ ھەزار دینار داندراوە، بەو پێیە شەست و چوار ترلیۆن و سێ سەد و پەنجا و حەوت ملیار و چوار سەد و بیست و چوار ملیۆن و پێنج سەد و بیست و حەوت ھەزار دینار کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە.
ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بەڕێژەی١٢.٦٧ جێگیرکراوە و لە ماددەکانی ١١، ١٢ و ١٣ و جەخت لەسەر ھەناردەکردنی چوار سەد ھەزار بەرمیل لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا کراوەتەوە، ئەگەر ھەناردەش نەکرا بە ھەر ھۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکار دەھێندرێت.
لە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشانی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە ڕێورەسمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە نەخشەڕێگەی چارەبوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو لایەک بە تایبەت لە کوردستان چاوەڕوانی گەیشتنی پارە دەکەن، چونکە لەسەر سکاڵایەکی عێراق زیاتر لە سەد ڕۆژە ھەناردەی نەوتەکەی ڕاگیراوە.
محەممەد شییاع سوودانی لە چوارچێوەی نووسراوێکی فەرمی بۆ سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەو گۆڕانانەی ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای بودجە کردوویەتی حکوومەت بە سەرپێچی دەستووری دەزانێت و پێچەوانەی بنەماکانی دەستوورە و دەستخستنە کاروباری حکوومەتی عێراقە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەنجومەنی نوێنەران لە تانەی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە چەند ماددەیەکی یاسای بودجەی گشتی ئاگادار دەکاتەوە، کە لە دادگەی فیدراڵی تانەی لە دوازدە ماددەی یاسای بودجە داوە، کە ھیچ ماددە و بڕگەیەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان تێدا نییە و یاساکەش کاری پێدەکرێت، تەنھا داوای کردووە ئەو دوازدە ماددەیە تا یەکلاکردنەوە کاریان پێنەکرێت.
سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت کار بۆ پێداچوونەوە بەو بڕگانە دەکات کە لە بودجەدا ھەموار کراون، ھەروەھا دیراسەی ڕادەی گونجانیان لەگەڵ دیدگە و ئامانجەکانی حکوومەت دەکات کە لە پرۆگرامی وەزاریدا پەسەند کراون.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھێشتا ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی لەبارەی جێبەجێکردنی بودجە دەرنەچووە، بەڵام ئەم ھەفتەیە ڕێنماییەکان دەردەچن و کار بە یاسای بودجە دەکرێت، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، وەکو ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ھیچ کاتێک لەسەر مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سازش ناکەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی بودجەی کوردستان بێ کێشە ڕەوانە بکرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئێستە عێراق ھیچ بەھانەیەکی نەماوە و بودجە پەسەند بووە و بۆتە یاسا، ھەروەھا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم ڕاگیراوە، ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە ڕێککەوتنێکی گشتگیرە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، بۆیە دەبێت حکوومەتی عێراق پێوە پابەند بێت و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی ڕەوانە بکات، ڕێککەوتنەکە ئەگەر دەستکاری نەکرابایە و ئەو دەقەی حکوومەت ڕەوانەی پەرلەمانی کرد وەکو خۆی پەسەند کرابایە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لە پەرلەمان دەستکاریی لە ھەندێک ماددە کرا، ئەودەستکارییانەش نایاسایی و نا دەستووری بوون، ئەوەش کاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندی ھەر دوو لادایە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ئەو ماددانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق تانەی لێداوە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە، سەرۆک وەزیران تێبینی لەسەر ھەندێک ماددە ھەیە کە لیژنەی دارایی دەستکاری کردوونە، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی تێبینیمان ھەبوو لەسەر ئەو ماددانەی کە لیژنەی دارایی دەستکارییان کرد، چونکە لیژنەی دارایی ئەو دەستەڵاتەی نییە دەستکاری ماددەکان بەوشێوەی ئەوان دەیانەوێت بکەن.