دڵشاد شەهاب: فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی 45 دادوەر واژۆکرا و 15 جێگری داواکاری گشتیش دەستبەکار دەبن

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، فەرمانی هەرێمی بۆ دامەزراندنی 45 دادوەری ده‌رچووى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ی دادوه‌ری لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە واژۆکرا.

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه (2ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى (45) دادوه‌ر ده‌ركرد كه‌ ده‌رچووى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ى دادوه‌رين و له‌ ماوه‌ى دوو ساڵدا له‌ رووى زاستى و پراكتيكييه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى دادبينى، ئامادەكراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواى گه‌يشتنى داواكارى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ مەبەستی دامه‌زراندنيان، دادوه‌ران له‌ رۆژى ده‌رچوونى فه‌رمانى هه‌رێمى و واژۆكردنييه‌وه‌ له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، داده‌مه‌زرێن و دواى سوێندخواردنى ياسايى، له‌ دامو‌ده‌زگاكانى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکردووە، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌يه‌دا 15 جێگرى داواكارى گشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌ پێشتر فه‌رمانى دامه‌زرانديان له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ واژۆ كراوه‌.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دامه‌زراندنى دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى وه‌ك پێويستييه‌كى له‌پێش دێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشايى له‌و بواره‌دا و خزمه‌تكردن و ئاسانكارى بۆ هاووڵاتييان له‌ بوارى دادبينيدا، به‌تايبه‌تى له‌ شوێنه‌ دووره‌كان و له‌ سنوورى ئه‌و ناوچانه‌ى ئيداره‌ى تازه‌يان تێدا دامه‌زاروه‌ وه‌ك پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ هه‌رێمى كوردستان.

هەروەها گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ كردنى شارۆچكه‌ى خه‌ليفان به‌ قه‌زا و كردنى گوندى سرێشمه‌ به‌ ناحيه‌ واژۆ كرد و له‌مڕۆوه‌ فه‌رمانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌م بڕياره‌ش له‌ هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ ئاسانكارى و خزمه‌تێكى باشترى ناوچه‌ى خه‌ليفان و دانيشتوانى سنووره‌كه‌ ده‌كرێت.