هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای دهۆک دوو گرووپی بەهۆی هێنان و مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختە دەستگیرکرد، هەروەها دەستیگرت بەسەر 50 هەزار دۆلار ساختە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ــی حوزەیرانی 2023)، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی شاری دهۆک، لە هەڵمەتێکدا دوو گرووپی بەهۆی هێنان و مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختە دەستگیرکرد و دەستیشیگرت بەسەر 50 هەزار دۆلاری ساختە، کە دەیانویست لە بازاڕی شاری دهۆکدا ساغیبکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دەستگیرکراوان، دووانیان کوردن و دووانی دیکەیان عەرەبن و خەڵکی پارێگای دیوانییەن، لە ئێستادا کەیسەکەیان رەوانەی دادگا کراوە و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکانیان ناوە، کە دەیانویست دۆلاری ساختە لە بازاڕی شاری دهۆک ساغبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی هێنانی دۆلاری ساختە لەمساڵدا لە چاو ساڵانی پێشوو لە بازاری دهۆک رووی لە زیادبوون کردووە، هەروەها هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پۆلیسی پارێزگای دهۆک گرووپێکی دەستگیرکردبوو بە هەمان مەبەستی هێنان و مامەڵەکردن بە دۆلاری ساختە.