حکوومەتی عێراق پەنابەرانی لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

٢٠ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ و پەنابەران لە تەواوی جیهان پێداچوونەوە بەسەر دۆخی پەنابەران دەکەن و ئاماری نوێ لەو بارەیەوە دەخەنە ڕوو. ئەوەی لە ئاماری ئەمساڵ جێی سەرنجە ئەوەیە ژمارەی پەنابەر و ئاوارەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە جیاتی ئەوەی کەم بکات هەشت ملیۆنی تر زیادی کردووە و پەنابەرانی نیشتەجێی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ گۆڕانێک بەسەر مافەکانیان نەهاتووە و هەیە چل ساڵە بە بێ ڕەگەزنامە و هیچ مافێکی یاسایی درێژە بە ژیان دەدات.

کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بڵاوی کردەوە ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە تەواوی جیهاندا تا سەرەتای ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە سەد و هەشت ملیۆن کەس و زۆربەشیان بەهۆی ئازار و ستەم و شەڕ و توندوتیژی و بەشێکی کەمیان بەهۆی ڕووداوە سروشتییەکان لە شوێنی خۆیان کۆچیان کردووە.
ئەو ئامارە نوێیە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە فیلیپ لۆکلێرک نوێنەری کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ساڵی ڕابردوو ژمارەی پەنابەر و ئاوارەکانی جیهانی بە سەد ملیۆن کەس ڕاگەیاندبوو کە لەمێژوودا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد.
ژمارەی ئاوارەکان لە پەنابەرەکان زیاترە و ئەوانەی لە ناوخۆی وڵاتان لێیان دەقەومێ بە ئاوارە هەژمار دەکرێن و ئەوانەی بۆ وڵاتانی تر دەڕۆن، دەخرێنە ڕیزی پەنابەرانەوە، دوای ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتە بەر. بەپێی ئامارە نوێیەکە، ژمارەی پەنابەران لە تەواوی جیهاندا لە سەرووی بیست و حەوت ملیۆن کەسەوە زیادی کردووە بۆ پتر لە سی و پێنج ملیۆن کەس.
گرنگترین هۆ لە ساڵی ڕابردوودا کە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک هانا بۆ وڵاتانی تر بەرن جەنگی ئۆکراینا بووە کە هێشتا درێژەی هەیە. لە ئۆکراینا بە گشتی نزیکەی شەش ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارە بوون و کەمتر لەو ژمارەیەش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان کە پێشتر تامی ئاوارەبوونیان چێشتووە ماوەی چەند ساڵێکە بوونەتە پەناگەی ئاوارە و پەنابەرانی تر هەرچەندە مافی پەنابەران تەنیا ئارامی نییە و پێویستە لانی کەمی مافەکانیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام بەشێکی پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە مافەکانیان بێبەشن و نە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نە حکوومەتی عێراق مافەکانی دابین نەکردوون. حکوومەتی عێراق نەک مافی پەنابەرانی دابین نەکردووە بگرە ئاوارەکانی خۆیشی پشتگوێ خستووە و هێشتا بە سەدان هەزار ئاوارە لە کوردستان هەن کە لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاریی و کێشەی ئەمنیی ناوچەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
لە عێراق لە ماوەی نزیک بە دوودەیەی ڕابردوودا بە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون. گرنگترین شەپۆلی ئاوارەبوون لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویدا کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش سەری هەڵدا و بە سەدان هەزار کەس لە کوردانی ئێزدی و خەڵکی شارەکانی تری عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.
هەرێمی کوردستان لانەیەک بووە بۆ ئاوارەکان و پەناخوازان و لێقەوماوان چ بۆ ناوخۆی عێراق و چ بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئەو کوردانەی کە بەهۆی گوشاری سیاسی و لە ترسی گیانیان پەنایان بۆی هێناوە و لێرە گیرساونەتەوە. ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن و بە ئاوارەی ناوخۆیی ناسراون کێشەی هاووڵاتیبون و پاسپۆرت و مافەکانی تریان نییە.
ساڵی ٢٠٢١ کوردێکی پەناخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای Un لە هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و مرد و ڕێکخراوەکە ئاوڕی لە داواکارییەکانیان نەداوەتەوە و حکوومەتی عێراقیش ئامادە نییە هیچ شتێکیان بۆ بکات بۆیە ئەو پەناخوازانەی دەرەتانێکیان هەیە بە قاچاخی هەوڵ دەدەن بە گرتنەبەری ڕێگای مەترسیدار بۆ دەرەوە کۆچ بکەن.
زۆربەی ئەو پەنابەرە سیاسییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن لە ڕەگەزنامە و پاسپۆرت بێبەشن و تەنانەت بۆیان نییە ئۆتۆمبێلێکیشیان بە ناو بکرێ ئەوە جگە لەوەی کە منداڵەکانیان لە خوێندنی باڵا و کۆمەڵێک مافی تر بێبەش دەکرێن.

ئەنجوومەنی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠١ بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ٢٠ی حوزەیرانی بە ڕۆژی پەنابەران هەژمار کرد. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە تاک و دابینکردنی مافی مرۆڤ، هەوڵێکی چڕ درا بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و لە ساڵی ١٩٥١ بە فەرمی پەسند کرا. بە گوێرەی ئەو مافانەی دەستنیشان کراون نابێت هیچ مرۆڤێکی هەڵاتوو بە زۆر بۆ شوێنی خۆی بگەڕێنرێتەوە کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە یان ئازادییەکانی پێشێل دەکرێن. هەر لەو بەڵگەنامەیەدا کۆمەڵێک ماف بۆ پەناخوازان و پەنابەران دەستنیشان کراوە هەڵبەت ئەم مافە ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە.
مافەکە سەرەتا تەنیا بۆ پەناخوازانی ئەوروپا دەستنیشان کرابوو دواتر هەموار کرا و لە ساڵی ١٩٦٧ هەموو پەنابەرانی جیهانی گرتەوە. ئەو وڵاتانەی ئەو بڕیارەیان ئیمزا کردووە ئەرکیانە شوێنی ئارام و پێداویستییەکانی ژیان بۆ پەنابەران دابین بکەن .