سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پیرۆزبایی لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەکو سەرۆککۆماری تورکیا کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایان تاوتوێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لە تویتێکدا نووسیویەتی: “ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیا كۆبوومهوه و پیرۆزبایم لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی کرد.”
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی: “گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە كرد.”
ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەییشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سەردانەکە ئاماژەی بەوە دابوو، لە کۆبوونەوەکاندا ” گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت.”
ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەبێتە سێیەمین سەردانی فەرمیی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە. رۆژی 28-11-2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم سەردانی فەرمی وەکو سەرۆکی حکومەت بۆ تورکیای ئەنجامدا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
پاش کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی گوتی، “بهرهوپێشچوونی بهرچاومان بهدیهێنا لهبارهی پرسهكانی پهیوهست به بهرژهوهندییه هاوبهشهكان، لهوانهش پهیوهندییه دووقۆڵییه بازرگانییهكان و سهقامگیریی ناوچهكه.”
رۆژی هەینیش 15ـی نیسانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جاری دووەم بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 28ـی ئایاردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد، پاشان کاژێر 22:00ـی هەمان رۆژ کابینەی نوێی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد.