ڕائیب جادر – هەولێر
لە یاسای بودجەدا گرەنتی ئەوە کراوە نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێت یاخوود نەکرێت. پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاساکەدا جێگیرە و دەبێ حکوومەتی عێراق پێوە پابەند بێت. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن، چارە دەبن.
یاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٣ـی عێراق لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە؛ سەرۆک کۆمار، دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ئیمزا لەسەر یاسای بودجەی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٢-٦-٢٠٢٣ پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دا.
قەبارەی بودجە بۆ ھەر ساڵێک سەد نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و ساڵانە شازدە ترلیۆن دینار لەو بڕە، پشکی ھەرێمی کوردستانە. بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە سەرەتای ھەفتەی ڕابردوو پەسەندکرا، پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات تا وەکو لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا ھەناردە بکرێت بۆ پێداویستیی نێوخۆیی بەکاردەھێنرێت.
ڕۆژی ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک دوای بڕیارێکی دادگەی نێودەوڵەتی پاریس، ڕاگیرا. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕاگیرا و تورکیا ڕایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت، تائێستەش ھەناردەکردن دەستی پێنەکردووەتەوە.
دوای بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی پاریس لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، لەبارەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان ڕاگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی دواتر شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە ڕێککەوتن، سەردانی بەغدایان کرد.
لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، دوو پێشنیازیان داوەتە وەزیری نەوتی عێراق، لیژنەکە داوادەکات نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لوولەکانی نەوتی عێراق ھەناردە بکرێت، پێشنیازی دووەم، بەردەوامیی بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ھێڵی عێراق – بانیاس، تاوەکو نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سووریاوە ھەناردە بکرێت.
بە گوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی، دەبوایە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی تەواوبووایە، ھەرچەندە تاوەکو ئێستە ئەوە نەکراوە، بەڵام لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسا، نەوت و گاز و دارایی پێکھێندراوە و ھەنگاوی باشیان بڕییوە لە نووسینی ڕەشنووسی یاساکە.
ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧ـدا، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ بڕی پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کرا.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە، پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان.
لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لەدوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکوومەت ھەنگاوی بەرەو چارەکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی ڕەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی، لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەکردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بانیاس، کات و پارەیەکی زۆری پێویستە تا ئەو لوولە نۆژەن و چاک دەکرێتەوە، کە ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت، چونکە ھێڵەکە تێکچووە، ھەروەھا کۆمپانیای سۆمۆ ناتوانێت ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە بگوازێتەوە، بۆیە پێشنیازەکان گونجاو نین و لەو کاتەدا جێبەجێکردنیان ئەستەمە، بۆیە باشترین بژاردە پێکھاتن و ڕێککەوتنە لەگەڵ تورکیا، بۆ ئەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
دەشڵێ: پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ڕێگەی خۆشکرد بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان تا ئێستە بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانەش یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات.
سەباح سوبحی، ئاشکراشی کرد: تا یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا کە لە نێوان ھەر دوو سەرۆکوەزیران ئیمزا کرا کاری پێ دەکرێت، بۆیە نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن چارە دەبن.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەش کردەوە: دەبێت عێراق بودجەی شەش مانگی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەگەر نەوتی کوردستان ھەناردە بکرێت، یان ھەناردە نەکرێت بەشی خۆمان کە ١٢.٦٧% لە بودجەی گشتی عێراق وەردەگرین، بەڵام ئەگەر نەوتی ھەرێم نەفرۆشرێت، حکوومەتی عێراق زەرەر دەکات، چونکە ھیچ داھاتێکی ناھێتە جێ، بۆیە حکوومەتی عێراق زیاتر لە ھەرێم پەلەیەتی، بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە.