سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وڵاتی ژاپۆن دەکات

 

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و شاندێكی وڵاتی ژاپۆن، لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن كۆبوونه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد، کە لە کانسوکی ناگائۆکا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێکهاتبوو.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن، شایانی سوود لێوەرگرتنە، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە سەر داهێنان و ئافراندن، کە لەمبارەیەوە ئەزموونی ژاپۆن مایەی پێزانین و سەرسامییە و دەکرێ زۆر سوودبەخش بێت .

شاندی ژاپۆنی جەختیان لەوە کردەوە، کە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ، لە ڕووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بیرو ڕا لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کرا .