نێچیرڤان بارزانی داوای یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات


نێچیرڤان بارزانی لە یادی شۆڕشی گوڵاندا داوای یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان “پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان” دەکات. 

رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات ئەو یادە بکرێتە “هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان. 

نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، لە پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت با “پێكه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپەڕاندنى سه‌ختییه‌كان بكه‌ین تا بتوانین فیدراڵى و ده‌ستكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێین.”

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، “لە یادى پیرۆزى شۆڕشى 26ى گوڵاندا، به‌ رێز و شكۆوه‌ شه‌هیدانى نه‌مر و ئه‌و قاره‌مانانه‌ به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ له‌و رۆژگاره‌ سه‌خت و ئاڵۆزه‌دا بڵێسه‌ى هه‌ستانه‌وه‌ و داگیرسانه‌وه‌ى چراى شۆڕش بوون و دووباره‌ ئومێد و هیواى ئازادییان له‌ دڵى گه‌لى كوردستاندا زیندووكرده‌وه‌.”

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، “شۆڕشى گوڵان وه‌ك درێژه‌پێده‌رى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول به‌ رابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و‌ راستییه‌ بوو كه‌ هیچ هێز و پیلانێك هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌ بن، ناتوانن ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنن. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕى ئاماده‌یى بۆ قوربانیدان، گه‌لى كوردستان له‌ شۆڕشى گوڵاندا دووباره‌ هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ تا له‌ راپه‌ڕینى ئازارى 1991دا به‌ هه‌موو هێز و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ تاجى‌ سه‌ركه‌وتنى له‌سه‌رنا.”