دلۆڤان رەحیم – ههولێر
هەرچەندە وا چاوەڕوان دەکرا سەرەتای ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت، بەڵام پەسندکردنی مایەوە بۆ کۆتایی مانگی ئایار و چاوەڕێ دەکرێت لە سێ ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆی وردەکارییەکان لە لیژنەی دارایی تەواو بکرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق.
چەند ڕۆژێکە گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی لەسەر بودجە چڕ بوونەتەوە، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی گواستنەوەی بەشەکانی بودجە و کەمکردن و زیادکردنی بڕگەکانی نێو بودجەیە، لەگەڵ زیادکردنی ماددەکان، بەڵام دوو ڕۆژیشە مشتومڕ لەسەر پشکی کوردستان هەیە، سەرەڕای رێککەوتن بەڵام هەندێک پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە شیعەکان دەیانەوێت مەرج بۆ ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان دابنێن؛ ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە پشکی کوردستان وەکو خۆی و بە بێ دەستکاری و مەرج بنێردرێت .
بەپێی زانیاری ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی 10 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتە بۆ ئەوەی لیژنەی دارایی پابەند بکەن کە بە ویستی ئەوان بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان داڕێژنەوە، یەکێک لە خاڵەکانیان ئەوەیە بیسەپێنن هەرچی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەیە لە هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە، کە ئەمە شتێکی نوێ بوو، لە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نییە، بۆیە ئەم بابەتانە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە ، سەرەڕای ئەو هەوڵانە بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوورن لەسەر ئەوەی پشکی کوردستان بەپێی ڕێککەوتن و لە چوارچێوەی پڕۆژەیاساکەدا بێ مەرج بنێردرێت .
چاوەڕێش دەکرێت، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەوە کە شەش لایەنی پێکهێنەری حکومەتی عێراق لە خۆدەگرێت دوایین قسەی خۆی لەسەر بودجە بکات و بڕیاری ڕۆژی دەنگدان دیاری بکەن .
ماوەی سێ ڕۆژە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە کۆبوونەوە دەکات، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی دایە بۆ ئەوەی وادەی کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە و لە هەفتەی داهاتوودا بودجە پەسند دەکرێت.