وەرزی گەرما لە عێراق دەستی پێ کردووە و هەر چەندە هێشتا پلەکانی گەرما زۆر بەرز نین، بەڵام کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هاتووەتە کایەوە. کەمبوونەوەی هاوردەی گازی سروشتی لە ئێرانەوە وایکردووە ژمارەیەک لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی باشوور بکوژێنرێنەوە و زیان بە خزمەتگوزاریی کارەبا بگات.
وەک ئاشکرایە عێراق کۆمەڵێک وێستگەی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە کە ژمارەیەکیان هەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا دامەزراون بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەو وێستگانە لەوەدایە کە بەشێک لە سووتەمەنییان لە دەرەوە دابین دەکرێ و بۆ بەرهەمهێنان پشت بە گازی سروشتیی ئێران دەبەستن.
بەدەر لە پرسە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی گاز، زۆر جار پرسی سیاسی و ئەمنی تێکەڵی پڕۆسەکە بووە و کەمبوونەوەی پێدانی سەعاتەکانی کارەبا بە تایبەتی لە هاویندا ناڕدەزایەیی خەڵکی لە دژی حکوومەت زیاتر کردووە. لە خۆپێشاندانەکاندا یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵک، دابینکردنی کارەبا بووە؛ بەڵام هێشتا نەتوانراوە وەک پێویست ئەو خزمەتگوزارییە دابین بکرێت.
حکوومەتی عێراق ماوەیەکە کۆمەڵێک گرێبەستی نوێی لەگەڵ وڵاتانی جیهان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە ناوخۆی عێراق و کۆنترۆڵی ئەو گازە سروشتییانەی لە کێڵگە نەوتییەکان دەردەچن، تەواوکردنی پڕۆژەکان چەند ساڵێک دەخایەنن و ئەوەش دەیسەلمێنێت عێراق تا چەند ساڵێکی تریش دەبێ پشت بە گازی لە ئێرانەوە هاوردەکراو ببەستێت.
رۆژی دووشەممە، ٢٢ی ئایار وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی گازی سروشتی لە ئێرانەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی باشووری عێراق هەزار مێگاوات کەمی کردووە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کردووە، لەکاتێکدا کە تیمەکانیان خەریکی دانوستانن بۆ ئەوەی بتوانن یەکەی زیاتری بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ بخەن و پێداویستییەکانی خەڵک بە کارەبا لە وەرزی هاوین دابین بکەن، هاوردەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی باشووری عێراق وەستاوە.
بەگوتەی ئەو وەزارەتە ئێران هۆکاری وەستاندنی گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ ئەو وێستگانەی بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە بێ ئەوەی باس لە وردەکاریی زیاتر بکات.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق دوای کردووە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوت پەرە پێ بدەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە قەرەبووی ئەو کەمییەی گاز بکرێتەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکرێتەوە.
ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزیری نەوتی ئێران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزیری کارەبای عێراقدا کۆبوویەوە و باسی لە ڕێککەوتنی پێنج ساڵەی نێوان هەر دوو وڵات لەبارەی هەناردەی گاز کرد.
ئەحمەد عەبادی گوتەبێژی وەزارەی کارەبای عێراقیش هەفتەی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لەگەڵ ئێراندا واژۆ کردووە و ئێران بەڵێنی بە عێراق داوە لەم هاوینەدا پێداویستییەکانی عێراق بە گازی سروشتی دابین بکات.
تەنیا ماوەتەوە رێککەوتننامەکە واژۆ بکرێت، بەپێی لێکتێگەیشتنەکە ئێستا ٣٥٠٠٠٠٠٠ مەتر سێجا گازی سروشتی دەدرێتە عێراق کە ١٠٠٠٠٠٠٠ مەتری سێجای بۆ پارێزگاکانی باشوورە و دەدرێتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو سنوورە و ٢٥٠٠٠٠٠٠ تری بۆ وێستگەکانی پارێزگاکانی ناوەند دەگوازرێتەوە.
ئەگەر گواستنەوەی پشکی گازی وێستگەکانی باشوور وەستابێت ئەوا بەو واتایەیە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی هەناردەی گازی ئێران کەمی کردووە و ئەمەش بە هەمان قەبارە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت و ئەگەر درێژە بکەشێت یان تێکەڵی پرسی سیاسی بکرێ ئەوا مەترسی ئەوە لە ئارادایە لە داهاتوودا ناڕەزاییەکان سەرهەڵبدات ئەگەر حکوومەت جێگرەوەیە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی نەدۆزێتەوە.