سەرۆکوەزیرانی عێراق: گەلی کورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی ستەم بووەتەوە

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزان رایگەیاند، ئەمڕۆ لێرە لەسەر زەوییەک وەستاوین کە مێژووی گەلی کوردی بینیوە، گوتیشی: گەلی کورد بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی ستەم بووەتەوە و کۆمەڵێك قوربانی داوە.

سوودانی باسی راشیگەیاند، هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی داگیرکاری و تاوانەکانی رژێمی بەعس بوونەتەوە و سەلماندیان گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، گەلێکە رازی نابێت بە زەلیل بوون و ستەم قبوڵ ناکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: گەلی کورد لەگەڵ براکانیان لە لایەنەکانی دیکەی عێراق، لەم شاخە سەربەرزانەوە بۆ ماوەی چەندین دەیە رووبەڕووی ستەم بوونەوە.

محەممەد شیاع سوودانی لە باسی مەلا مستەفای بارزانیدا دەڵێت: یەکێک لەو پیاوانەی کە ئەمڕۆ یادی دەکەینەوە، سەرکردەیەکی نیشتیمانی مێژووییە، ئەویش بەڕێز مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەی نەمرە، ئەو قوربانیانەی ئەو داونی، رۆڵیان لە سەرکەوتنی عێراقدا هەبووە بەسەر ستەم و داگیرکاری، هەروەها بەشداری کردووە لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلی عێراق.