لەتیف رەشید: نیەتێکی باش لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە

لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان رایگەیاند، ئێستا نیەتێکی باش لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسییەکان.

سەرۆککۆماری عێراق، گوتی: “خۆشحاڵم لەم مەراسیمە گرنگەدا لەگەڵتان بم بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی سەرکردەی مەزن جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، لە ناخی دڵەوە دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە ئەو دامەزراوەیان هێناوەتە بەرهەم، بۆ بەرز راگرتنی یادەوەری جەنابی بارزانی”.

گوتیشی: “مێژووی گەلەکەمان پڕە لە سەروەری و شکۆمەندی بە درێژایی خەباتی نەتەوایەتیمان کەسایەتی زۆر گەورە و خاوەن کاریزما هاتوونەتە مەیدانی تێکۆشان و کوردایەتی، کە بە فەزڵی ئەوان رێڕەوی خەبات و کوردایەتی بەردەوام بوو، بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان، بۆیە شانازی بەو سەرکردە مەزنانەوە دەکەین، کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەلەکەیان تەرخانکرد”.

لەتیف رەشید، راشیگەیاند: “هەلومەرجی ناوچەکە بە گشتی و بارودۆخی وڵاتەکەمان بە تایبەتی رووبەڕووی تەحدیاتی گەورە بووەتەوە، قۆناغیکی نوێ هاتووەتە پێش هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، کە ساڵانێکە ناوچەکە و عێراق، بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی هاتبووە ئاراوە، ئێستا کەشێکی ئارام هاتووەتە ئاراوە، پێویستە بە هەموومان ئەو هەلە بقۆزینەوە و گفتوگۆی ئاشتیانە بکەین بۆ سەر لە نوێی بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێین و ژینگەیەکی سیاسی تەندروست بەرهەم بهێنین، بۆ بوژانەوەی ژێرخانی وڵات و هێنانەدی ئاواتەکانی گەلانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە”.

راشیگەیاند: “ئێستا نیەتێکی باش لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسییەکان، هەروەها هەرێمی کوردستان ببێتە فاکتەرێکی بەهێز لە ئێستا و ئایندەی عێراقدا”.

سەرۆککۆماری عێراق، ئماژەی بەوەشدا: “بە هەموو لایەک رادەگەیەنم کە چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەستراوە و لە یەکتر جیا نابێتەوە، قۆناغەکانی رابردووش پێمان دەڵێن کە نە عێراق ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت بەبێ هاوکاری هەماهەنگی هەرێمی کوردستانیش سەقامگیری ئابووری بەخۆیەوە نابینێت بەبێ حکومەتی فیدراڵی، بۆیە پێویستە زمانی گفتوگۆ و سازن و لێکتێگەیشتن ببێتە فاکتەری سیاسەتێکی نوێ لە عێراقدا کە خزمەتی هەموو لایەک بکات و وڵاتەکەمان ئاوەدان بکاتەوە”.

لە کۆتایی وەتارکەیدا، لەتیف رەشید گوتی: “هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازم، جارێکی تریش دەستان خۆش بێت لەم هەنگاوە پیرۆزە لە بەرز راگرتنی بارزانی نەمر”.