قەیرانی ئاو لە عێراق لەگەڵ، دابەزینی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان قووڵتر بووە و وەزارەتی ئاوی عێراق خۆی دان بەوەدا دەنێ ئەوەی ڕوو دەدا لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنەیە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێ عێراق بە هاوکاری وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە قەبارەی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە.
دوێنێ شەممە سێیەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی پێ کرد کە کۆمەڵەک بەرپرس و شارەزا و وەزیر لە ئاستی ولاتانی ناچەکە و جیهان بەشدارن و لە هەرێمی کوردستانیشەوە شاندێکی حکوومی لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە و بڕیارە ئەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژ بخایەنێت و ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی ئایار کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت.
محەمەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم کۆنفرانسەدا ڕایگەیاند کەمیی ئاو هەڕەشە لە کەلتوور و شارستانییەتی عێراق دەکا و کەمبوونەوەی ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات پێویستی بە دەستوەردانی نێودەوڵەتیی هەیە.
ئەو ئاماژەی داوە کە دۆسیەکانی ئاو لە گرنگترین دۆسیەکانی جیهان هەژمار دەکرێن هەرچەندە قەیرانی ئاوی عێراق لە دیەی هەشتای سەدەی ڕابردووی زاینییەوە دەستی پێکرد و بەهۆی ناکارامەیی ڕژێمی پێشوو نەتوانراوە لەم ڕووەوە هەنگاوی چارە بکرێت. قەیرانی ئاو، وەک میرات لە ڕژێمی پێشوو بۆ حکوومەتی فیدراڵی ماوەتەوە و بۆیەش حکوومەتی عێراق دۆسیەی ئاوی خستووەتە پێشی دۆسیەکانی تر و بەپێوسیتی دەزانێت عێراق بە هاوکاری وڵاتانی دراوسێ و جیهان رووبەڕووی ئەو قەیرانە ببێتەوە.
زەید جەشعەمی لە میانەی کۆنفرانسەکەدا گوتوویەتی دەبێ رێکاری گونجاو بۆ چارەی ئەو قەیرانە بدۆزرێتەوە چونکە ئەو داتا و ئامارەی لەبەردەستی وەزارەتەکەن شتی زۆر مەترسیدار دەردەخەن و دەیسەلمێنن لەوەتەی ١٠٠ ساڵی رابردووەوە عێراق لە پرسی ئاودا تا ئەو قەبارە گەورەیە کێشەی ئاوی نەبووە.
یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی عێراق بۆ چارەکردنی قەیرانەکە ئەوەیە ئەنجوومەنی باڵای ئاو دابمەزرێنێت و لە ڕێی پاڵاوتنەوە ئاوی نەشیاو و سوێر بۆ ئاوی پاکی خواردنەوە بگۆڕێت. جگە لەمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکەوێتە دانوستان بۆ ئەوەی پشکی عێراق لەو ئاوە دیاری بکرێت.
یەکێکی تر لە پلانەکانی حکوومەتی عێراق ئەوەیە بە هاوکاری و هەماهەنگیی وڵاتانی دراوسێ هەندێک پڕۆژەی هاوبەش لە بواری پاراستنی ئاو جێبەجێ بکات. لە کۆنفرانسەکەی بەغدا وەزیری وزەی ئێرانیش بەشدارە کە هاوکات سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ڕێبەرانی ناوچەیی کارگێڕیی ئاوی یۆنسکۆ دەکات. ئەو گوتوویەتی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دانوستانەکانیان ئەرێنی بووە و دەخوازن لەسەر ڕووبارە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ بکەن و ڕێ لە سوێربوونی ئاوی ڕووبارەکان بگرن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە هاوکاری حکوومەتی ناوەندی سێ بەنداوی نوێ لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بنیات بنێ کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ بودجەی بۆ تەرخان کراوە و بەهۆیەوە دەتوانێ دەیان ملیۆن مەتر سێجا لە ئاوی پاک گل بداتەوە.
بەشی زۆری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە وڵاتانی ئێران و تورکیا سەرچاوە دەگرن بەڵام جگە لەو بەنداوە ستراتیجییانەی کە لە سەدەی ڕابردوو بنیات نراون، حکوومەتی فیدراڵی نەیتوانیوە هیچ بەنداوێکی ستراتیجی بنیات بنێت. لە لایەکی ترەوە وڵاتانی دراوسێ دەیان بەنداویان لەسەر ڕێڕەوی ئەو رووبارانە دروست کردووە کە دەڕژێنە عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمەش لەپاڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی باران و پەرەسەندنی دیاردەی بە بیابانبوون، قەیرانەکەی هێندەی تر قووڵ کردووە.