سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لهگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكى ياوهرى کۆبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكى ياوهرى كرد.
له كۆبوونهوهکەدا كه ئەلينا ڕۆمەناوسكى، باڵيۆزى ئهمهريكا لە عێراق و و ئیرڤن هیکس كونسولى گشتيى ئهمهريكا له ههرێمى كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە بە زووترین کات ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە نەوت جێبەجێ بکرێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وعێراق بە گشتی زیانمەند نەبن.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.