مه‌سرور بارزانی: كۆمه‌ڵكوژی كوردانی فه‌یلی هه‌ڵمه‌تێك بوو بۆ سڕینه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلییەوە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەکردووە و دەڵێت: کۆمەڵکوژی هەزاران کوردی فەیلیی بەشێک بوو لە هەڵمەتێکی جینۆسایدکردن و سڕینەوەی گەلی کوردستان.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتووە، “رژێمی پێشووی عێراق هەزاران کوردی فەیلیی دەرکرد و کۆمەڵکوژی کردن، ئەمەش بەشێک بوو لە هەڵمەتێکی جینۆسایدکردن و سڕینەوەی گەلی کوردستان”.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نووسیویەتی، “ئەمڕۆ داوادەکەین پەند لە رابردوو وەربگیرێت و ئەم تاوانە قێزەونە زیاتر بناسێندرێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمی و شارەزایان و میوانانی ناوخۆیی و بیانی، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەستیپێکرد کە ماوەی سێ رۆژ لە شاری هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت.