چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەرۆك بارزانی: کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە

سەرۆک مەسعود بارزانی، لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر جەختیکردەوە کە کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە.

ئەمڕۆ شەممە 29ی نیسانی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كرد، كە پێكهاتبوو لە خاتوو رۆزی كەیڤ كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و جاكۆ بیرندس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر و كلاوس ستریچێر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و تۆكلید بیگ بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و كاتریەن كرۆفت بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە فەرهەنگی دیموكراسی و هەڵبژاردن بۆ شاندی خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا كە گەلی كوردستان قوربانی داوە، بۆ ئەوەی بە ئازادی بژیت و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت و لە دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە 1991 لە شاری كۆیە بۆ یەكەمجار ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان دووپاتكردەوە كە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ترە و، لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش رایگەیاند، كە پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین