په‌یامێك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردی بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا رایده‌گه‌ێنێت: يادى (125) ساڵه‌ى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و (25) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نديكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان له ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. سڵاو له‌ ياد و گيانى ميقداد ميدحه‌ت به‌درخان ـ ى پێشه‌نگ كه‌ يه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى (كوردستان)ى چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت: له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌ ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى،‌ بنه‌ما و كۆڵه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه،‌ پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه‌، بۆيه‌ ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت.

 هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌. كار و ئه‌ركى خۆيان به‌ ڕێكوپێكى و له‌ چوارچێوه‌ى ئێتيكى ڕۆژنامه‌وانيدا جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ڕۆڵى دروستى خۆيان له‌ ده‌ستنيشانكردنى هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕييه‌كان و ڕاستكردنه‌وه‌يان بگێڕن.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌،سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.