وەزیری پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى دروستکردنى قوتابخانەی 18 پۆلی گوندی کۆریان بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.4.19، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بەڕێوەبەرى ناحییەى بەحرکە، پڕۆژەى دروستکردنى قوتابخانەی 18 پۆلی گوندی کۆریان لە هەولێر بەسەرکردەوە.

لە بە سەرکردنەوەکەیاندا، لە نزیکەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان و کێشە و کەم و کوڕى و پێداویستیەکانیان کۆڵییەوە و دەستخۆشیان لە ستافى سەرپەرشتیار و کرێکاران و ئەندازیارانکرد پڕۆژەکە کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.

جێگەى باسە، پڕۆژەى دروستکردنى قوتابخانەی 18 پۆلی گوندی کۆری، کە ئێستا لە قۆناغى کۆتاییدایە و بڕیارە لە دەسپێکى پرۆسەى خویندنى 2023-2024 بکرێتەوە، لە 2021.11.7، لەلایەن ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دواى ڕوودانى لافاو لەو ناوچەیە بەردى بناغەى دانراوە، کە زیاتر لە 800 قوتابیی دانیشتوانی گوندی کۆری لەو قوتابخانەیە سوودمەند دەبن، ئەم قوتابخانەیە لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و دەستباربوونى حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.