٣٢ ساڵ بەسەر داستانی پڕ شکۆی کۆڕێدا تێپەڕ دەبێت

ڕۆژی ٧-٤-١٩٩١ شەڕی کۆڕێ بەسەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، دەستی پێکرد. ھێزی پێشمەرگە توانی لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ڕژێمە دکتاتۆرە پڕ چەکە ناچار بە دانوستاندن بکات. وەکو فەرماندەکانی پێشمەرگە باسی دەکەن، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبووایە سوپای بەعس نەک تەنھا تا کۆڕێ، بەڵکو تا حاجی ئۆمەران دەڕۆیشت.

ھەر کەسێک بە کۆڕێدا تێپەڕ بێت، چاوی بە مینۆمێنتی چەند تانک و زرێپۆشێک دەکەوێت، کە بەدەستی ھێزی پێشمەرگە، لە شەڕی داستانی کۆڕێ تێکشکێنراون، ئێستە ئەو مینۆمێنتە بۆ ڕێزلێنانی ئەو داستانە و شەھیدانی، بە شێوەیەک ڕازێنراوەتەوە تەنانەت گەشتیارە عەرەبەکانیش وێنەی لەگەڵ دەگرن.
دوایی کۆچی ملیۆنی خەڵکی کوردستان لە بەھاری ١٩٩١ ڕژێمی بەعس بەھێزی زۆر و چەکی جۆراوجۆرەوە ھێڕشی کردە سەر کوردستان و ھێزی پێشمەرگە لە دەربەندی کۆڕێ توانیان بەرەنگاری ھێزەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە و لە ئەنجامدا داستانی کۆڕێ تۆمار کرا، کە یەکێکە لە سەرکەوتنە مێژووییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەرامبەر بە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.
ڕۆژی ١١/٤/١٩٩١ سوپای عێراق بە زیاتر لە دە ھەزار سەرباز و ٣٦ تانک و زیاتر لە ٤٠ زریپۆش بۆ جاری دووەم ھێڕش دەکاتە سەر کۆڕێ بۆ گەیشتن بە شەقڵاوە، بەڵام نەک نەیانتوانی بەو ئامانجە بگەن، بەڵکو بەو پلانەی کە سەرکردایەتیی کورد و ھێزی پێشمەرگە دایڕشتبوو، بۆ دوایین جار لە کۆڕێ زەبرێکی وەھایان لە سوپای عێراق وەشاند، کە بووە یەکێک لە داستانە مێژووییەکانی شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد و بۆ ھەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.
سێ ڕۆژ پێش داستانی کۆڕێ، واتە ڕۆژی ٣/٤/١٩٩١ لە سنووری ڕەواندز و سۆران، سەرۆک بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە خەڵکێکی زۆر ئامادە بوو، لە وتارێکدا ورەی خەڵکی بەرز کردەوە و گوتی: ئەگەر ھیممەت ھەبێ و نیاز و دەستیش پاک بن، دڵنیاتان دەکەمەوە دوژمن ھیچ نییە و ئەوەشی بەدەستی ھیناوە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لێی دەستێنینەوە.
سەرۆک بارزانی ھەروەھا ڕووی لە جەماوەر کرد و ڕایگەیاند: بۆ کوێ دەچن؟ ژیانی پەناھەندەیی لەو وڵات یان ئەو وڵاتی تر، ژیانێکی تاڵ و ناخۆشە، مردن لەسەر خاکی کوردستان سەد ھەزار جار پیرۆزتر و سەربەرزانەترە لەوەی مرۆڤ لە ئەوروپا یان لە ھەر وڵاتیکی تر پەناھەندە بێت.
سەرۆک بارزانی، جەماوەری کوردستانی دڵنیا کردەوە و گوتی: ورەی پێشمەرگە بەرزە، یەک بەڵێنتان دەدەینێ، دوژمن یان بەسەر لاشەی ئێمەدا دێتەوە بۆ کوردستان، یان دوژمن نایەتەوە بۆ کوردستان.