بابکەیی: بە زووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە

ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، دوای ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق مەلەفی نەوت بەپێی دەقە دەستوورییەکان بەیاسایی دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەکاتەوە.

ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بێ گومان ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بوو کە بە شێوەیەکە مەلەفی نەوت و غاز بە یاسایی بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ دەقە دەستوورییەکان و ئەم ڕێککەوتنە سەرەتایەکی باشە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر ئەو بوارانەی هەردوو حکوومەت پێکەوە دەبەستنەوە و ئەمە ڕەوایەتییەکی نێودەوڵەتیشی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتی .

بابکەیی ڕوونیشی کردەوە: ئەم ڕێککەوتنەی کراوە لەسەر چوارچێوە گشتییەکەی قسە کراوە و لایەنی تەکنیکی و هەناردەکردنەوەی نەوت دیارە شاندی هەردوولا لەسەری کۆ دەبنەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت بە زووترین کات هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە و ڕێککەوتنەکە ببێتە پاشخانی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی داوا لە تورکیا بکات هەناردەی نەوت دەست پێ بکرێتەوە، چونکە بەدواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکووک کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بودجەی گشتیی عێراق و کورتهێنانیش لە بودجە گەورەتر دەکات، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم دەست بە هەناردە دەکەنەوە .

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: هیچ کۆمپانیایەکی نەوت کاری لە هەرێم ڕانەگرتووە، بەڵام پێداچوونەوەی گرێبەستەکان دەکرێت و قەرزەکانی لای وەزارەتی سامانە ، حکوومەتی عێراق دەیداتەوە .