جەبار یاوەر، پسپۆری بواری كاروباری سەربازی ‌و ئەمنی لە وەزارەتی پێشمەرگە: تاکە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت تیرۆرستانی داعشن

جەبار یاوەر، پسپۆڕی بواری كاروباری سەربازی ‌و ئەمنی لە وەرزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت: هێزەكانی پێشمەرگەری كوردستان لە حاڵەتی ئامادەییدان بۆ ئەگەری هەر هێڕشێك بكرێتە سەر كوردستان. دەشڵێت ئێستە تاكە مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان تیرۆرستانی داعشن، ئەگینا هیچ مەترسییەكی سەربازی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە.

*ئێستە مەترسیی سەربازی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە؟

  • ئێستە ئەگەری هیچ هێرشێكی سەربازی یان مەترسیی سەربازی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتوانی ‌و هاوپەیمانیی ئەمریكای لەگەڵ كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هێزەكانی ئەمریكا تا ئێستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن دژی تیرۆرستانی داعش.
  • ئەمریكا و هاوپەیمانان بەردەوامن لە سەرپەرشتیی هێزەكانی پێشمەرگە؟
  • هەرچی ئەو مەشقانەی بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت لەهەموو سەنتەرەكانی مەشق هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەردەوام سەرپەرشتی دەكەن، ڕێنمایی و زانیاری دەدەن بە هێزەكانی پێشمەرگە بەهاوكاری ڕاهێنەری ناوخۆیی.
  • هێزەكانی پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشییدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێڕشێك بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان؟
  • هێزی پێشمەرگەر كوردستان لە هەموو كاتێكدا لە حاڵەتی ئامادەییدایە، ئێستە تاكە مەترسی تیرۆرستانی داعشە، لە سەرجەم سنوورەكاندا هێزەكانمان ئامادە و هۆشیارن. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهاوئاهەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگای دژەتیرۆری عێراق و هەرێمی كوردستان هەشت تیرۆرستی داعش كە لە شاری سلێمانی خۆیان حەشاردابوو، لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر كران.
  • لەگەڵ سوپای عێراق كارتان بۆ ئەوە نەكردووە ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا هەبوو، پڕبكرێتەوە؟
  • قسەیەك هەیە لەم ساڵدا لەگەڵ پەسەند كردنی بوجەدا، وەزارەتی دارایی عێراق پارە بۆ ئەو دوو لیوا هاوبەشە تەرخان بكات كە لە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكدێن، بەر لە سێ ساڵ ئێستا سەرجەم كارەكانیان تەواو بووە و هەموو ئامادەكارییەکیان بۆكرا، ئەوكات بەبیانووی نەمانی بودجە و تا ئێستاس وەك خۆی ماوەتەوە هیچ نەكراوە لەو بارەیەوە.
  • بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەچەند کیلۆمەتر مەزەندە دەكرێت؟
  • درێژی ئەو ناوچە بۆشاییە ئەمنییەی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە، چل كلیۆمەتر دەبێت كە قووڵیەكەشی نزیكەی سی كیلۆمەتر دەبێت لە سنووری مەخموور و قەرەهەنجیر و دوز و كفری و قەرەتەپە تا دەگاتەوە خانەچین و درێژ ودەبێتەوە بۆ ناوچەی دیالە ‌و پارێزگاری سەلاحەدین.
  • دەربارەی ئەو بابەتە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ کراوە؟
  • بەڵێ سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە چەند جارێك لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی كردوەوە و كۆبوونەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئێمەش وەك هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەییمان هەیە.
  • ئێستە هاوكارییەكانی هاوپەیمانان ‌و ئەمریكا چین؟
    -ئەو هاوكاریانەی لە لایەن سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە دەكرێت بریتن لە ئۆتۆمبیلی سەربازی ‌و شۆفڵ ‌و ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر ‌و هەروەها پێداویستیی پزیشكی و چەكی پێویست و تەقەمەنی. دیارە ئێستە وەك ئەوكاتەی شەڕی داعش نییە، بەڵکو ناوە ناوە بۆمان دەنێرن.