هاووڵاتییانی بیانی و عێراقی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دێنە هەرێمی کوردستان

 

هاووڵاتییانی بیانی و عێراقی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دێنە هەرێمی کوردستان  و تەنها لە ساڵی رابردوو 150 هەزار نەخۆش روویان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

بە پێچەوانەی دەیان ساڵی رابردوو، ئەگەر پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی روویان لە دەرەوە بکردایە، بەڵام ئێستا کەسانی بیانی و هاووڵاتیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست روو لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تەنیا لە ساڵی رابردوو نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتی بیانی روویان لە نەخۆشخانە تایبەتیەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

برای مەحموود مستەفا لە نەخۆشخانەیەکی هەرێمی کوردستان چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی دڵی بۆ ئەنجامدراوە. مەحموود دەڵێت، بەشێک لەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن هاووڵاتیانی باشوور و ناوەراستی عێراقن، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان لەچاو ناوچەکانی خۆیان لە رووی پزیشکی و خزمەتگوزاری و ئامێرەوە پێشکەوتووترن.

د.ئەژین ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەزگا تەندروستییە تایبەتەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 58 نەخۆشخانەی تایبەت پێشوازی لە نەخۆشی ناوخۆیی و بیانی دەکەن و چوار نەخۆشخانە دیکەش لە قۆناغی دروستكردندان.

گوتیشی: بە پێچەوانەی دەیان ساڵی رابردوو، ئەگەر پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەری تەندروستی هاووڵاتیان روویان لە دەرەوە بکردایە، بەڵام ئێستا هاووڵاتییان لە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.