دوای نیو سەدە كاركردن، خوسرەو جاف یەکەم ئینسکلۆپیدیای کوردی ئامادە و چاپ دەکات

خوسرەو جاف، لەمبارەیەوە

ڕایگەیاند: ”47 ساڵە خەریکی ئەم بەرهەمەم و ئەگەر لەگەڵ ئێستای بەراورد بکەی، دەبینی دنیاکەی من لەوکاتدا دنیایەکی دیکە بووە، دوور لە خەڵک و دوور لە پێشکەوتن، تەنانەت سەرچاوە زۆر زەحمەت دەست دەکەوت، بۆ وێنەکان، کە لە بەرگی یەکەم و دووەمدان، خۆم وێنەکانم بە دەست کێشاون، جگە لەوانەش، بۆ نموونە کتێبێکم هێناوە تەنیا بۆ یەک وێنە تاوەکوو بە مقەست بیبڕم و بیخەمە ئەو شوێنەی کە مەبەستمە.“

گوتیشی: ”لە ڕاستیدا زەحمەتییەکی یەگجار زۆرم پێیەوە بینیوە، تەنانەت بەهۆی کۆنیی بەرهەمەکەوە، بەرگی یەکەم و دووەم و سێیەم بە رەش و سپی چاپ کراوە، واتە رەنگاوڕەنگ نییە.“
خوسرەو جاف، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئینسکلۆپیدیایەی لە 25 بەرگدا ئامادەی كردووە و چاپی کردووە، هەر بەرگێک زیاترە لە 250 پەڕە، عێراق کە 103 ساڵە حوکم دەکات نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی بەرهەمێکی وەها. گوتیشی: ”بەو هۆیەوە، یەکێتیی نووسەرانی عێراق هاتن داوایان کرد، کە بیخەنە مۆزەخانەی خۆیانەوە، منیش پێیانم دا.“
خوسرەو جاف، زیاتر باسی لە بەرهەم و دائیرەتولمەعاریفەکەی کرد کە بە زمانی شیرینی کوردییە و گوگڵێکە دەتوانرێ بەبێ ئینتەرنێت لە هەموو ماڵێکدا بەردەست بێت، گوتی: ”تەنیا خۆم دەزانم چەندە زەحمەتیم پێیەوە بینیوە، پێشتر تەنیا چوار بەشم چاپ کردبوو، کە بە شێوەی ناڕێک بوو، بەداخەوە تووشی دوو قۆڵبڕی ناو دنیای رۆشنبیری هاتم، کە نامەوێت ناویان بهێنم، لای رۆشنبیران و خەڵکیش ناسراون، ئەوانە ئەوەندە دزییان کرد، تا روویان نەما لە وڵاتدا بمێنن، ئەوە بوو حەوت ساڵ دەستنووسەکانیان لە منیش دزی، تا سەرەنجام دۆزیمەوە، ئێستاش زۆر دڵخۆشم، کە توانیم هەموو بەرهەمەکە چاپ بکەم، کە ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدایە.“
جێی باسە، نووسەر و هونەرمەند و ئەندازیار و ئامادەكاری ئینسكلۆپیدیای كوردی (دائیرەتولمەعاریف) هەر خۆی بۆكسێكی كانزایی و ستاندێكی بە شێوەیەكی هونەرییانە بۆ هەر ٢٥ بەرگەكەی دروست كردووە.
خوسرەو جاف، ئاماژەی بەوەش دا، بەداخەوە ئەم قۆناغە کە قۆناغێکی رۆشنبیری نییە، رۆشنبیران و خەڵک گرنگی بەو بەرهەمە گەورەیە نادەن، بەڵام دڵنیام نەوەیەکی نوێ دێت و بەهای ئەو بەرهەمە گەورانە دەزانێ.
خوسرەو جاف، پەیکەرتاش، نووسەر، رۆماننووس، شاعیر، شەوی نەورۆزی ساڵی 1945 لە بنەماڵەیەکی بەگزادە و نیشتمانپەروەر لە کەلار لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی ھەر لەو شارە تەواو کردووە، قۆناغی ناوەندی لە خانەقین خوێندووە و بۆ قۆناغی دواناوەندی ڕووی لە بەغدا کردووە. ماستەری ئەندازیاری تەلارسازیی لە کۆلێژی ھونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران وەرگرتووە، لە تەمەنی لاویدا وەك پێشمەرگە بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووە. دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە بە پەلەمانتار، خوسرەو جاف لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی ھاوبەشی پێک ھێناوە و 52 ساڵیش بەیەکەوە ژیاون، لێ خورشیدە داود بەگی فەتاح بەگی جافی ھاوژینی، لە 2ی حوزەیرانی ساڵی 2019 کۆچی دوایی کردووە. خوسرەو جاف ئێستا دانیشتووی شاری ھەولێرە و ماڵەكەشی بووەتە ماڵ و مەکۆی رۆشنبیران و هونەرمەندان و ئەدەبدۆستان و كەسایەتییە دیارەكانی كۆمەڵگە.
ئەو نووسەرە دەستڕەنگینە، خاوەنی دەیان ڕۆمانی گرینگ و لێکۆڵینەوەی پڕبایەخە و هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی زمان و نیشتمانەکەی تەرخان کردووە. خوسرەوجاف، پێشمەرگەی نیشتمان و قەڵەمە و قەڵەم و هونەرەکەشی چەکی بەرگری لە نیشتمان و دەسکەوتەکانی نیشتمانن.

ھەواڵی زیاتر