کێشەی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا، بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز چارە دەبێت

بڕیارەکەی دادگەی پاریس بۆ ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، تەنھا زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو عێراقیش ملیۆنان دۆلار زیانی بەر دەکەوێت. جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، حکوومەتی عێراق ڕۆژانە سی و حەوت ملیۆن دۆلار زیانی بەر دەکەوێت، بۆیە ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق نزیکن لە ڕێککەوتن. سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە بەغدا، ڕایگەیاند: لە نزیکترین کاتدا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نامەی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق نارد و ھەروەھا مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانییەوە کردووە.
ڕۆژی ٢٤-٣-٢٠٢٣، میدیا جیھانییەکان ئاشکرایان کرد، حکوومەتی تورکیا بڕیاری دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بە عێراقی ڕایگەیاندووە کە دادگەکە بە سوودی عێراق بڕیاری داوە و ئەنقەرە بڕیاری داوە چیدیکە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەت وەرگرتن لە حکوومەتی فیدراڵی، ڕێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە بەندەری جیھانەوە بەرەو بازاڕەکانی جیھان بەڕێ بکەون.
ڕۆژی شەممە ٢٥-٣-٢٠٢٣، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک بە لوولە، بۆ تورکیا لەسەر داوای دادگەی پاریس، لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: بڕیاری دادگەی فەڕەنسی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە تویتەر تویتێکی کرد و ڕایگەیاند، لێکگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی دادگە، تیمێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای نیازپاکی، درێژە بە گفتوگۆکانمان بدەین.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستە دوو جار، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپارەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لە ھەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا پێکھاتبوو، سەردانی بەغدایان کردووە.
ڕۆژانە چوار سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل لە ھەرێمی کوردستان و حەفتا و دوو ھەزار بەرمیل لە کەرکووکەوە لە رێگەی بۆڕی جەیھانەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم کاریگەری لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیھاندا دەبێت.
بە گوتەی پەرلەمانتاران و شارەزایانی بواری وزە، پاش بڕیاری دادگەی پاریس، حکوومەتی عێراق زیاتر زیانی بەردەکەوێت لە ھەرێم، چونکە بودجەی گشتی عێراق لەسەر ھەناردەکردنی ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت دانراوە، ئەگەر کورتھێنانی بوجەی گشتی عێراق ئەمساڵ شەست و چوار بۆ شەست و پێنج تریلیۆن دینار بێت و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوام بێت، کورتھێنانی بودجە دەگاتە هەشتا تریلیۆن دینار، بۆیە حکوومەتی عێراق جددی ترە کە ھەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و نەوتی کوردستان دووبارە ھەناردە بکرێتەوە، بۆیە بەم زووانە دەگەنە ڕێککەوتن.
پەرلەمانتاران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن: بڕیارەکەی دادگەی فەڕەنسا کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان نابێت، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکان ھەیە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کێشەی نەوت و گاز لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز چارە بکرێت.
نوێنەرایەتی کردنی کورد لە کۆمپانیای سۆمۆ، داواکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەویش بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراق، کە دەڵێت: حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمەکان و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان پێکەوە سیاسەتی ستراتیجی پێویست دادەڕێژن بۆ بەرەوپێش بردنی سامانی نەوت و گاز. نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: شاندی کوردستان داوای پۆستی جێگری کۆمپانیای سۆمۆی کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە وەڵامیان بدرێتەوە، لەبەر ئەوەی سیاسەتی نەوتی عێراقی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بەڕێوە دەبرێت، تا ئێستە ھیچ نوێنەرێکمان لەو کۆمپانیایە نییە، بۆیە دەبێت جێگری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ کورد بێت، پێش ئەوەی دەست بەھەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: لە ڕاگیرانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق ڕۆژانە سی و حەوتملیۆن دۆلار زیانی بەر دەکەوێت.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە ھەمان کاتدا لە کۆبوونەوەکانی شاندی نێوان ھەر دوو حکوومەتی ھەرێم و عێراق بەشدارە، ڕایگەیاند: ئەم ھەفتەیەش گفتووگۆ و کۆبوونەوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبن، ھەر دوولا ھاوڕان لە نزیکترین کاتدا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
د. ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: چارەکردنی کێشەی نەوت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ماددەی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراقدا ھاتووە و پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەلە بکات لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق و ڕەوانەی پەرلەمان بکات و ئەنجومەنی وەزیران پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە بێت کە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، بەتایبەتی لەبارەی مووچەوە، چونکە ڕەشنووسی بودجە لە پەرلەمانە و ھیوادارین دەنگی لەسەر بدرێت و پشکی ھەرێمی کوردستان پارەی چوارسەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەژمارێکی بانکی دابنێت کە خەمڵێندراوە، بەوە ئەو کێشەیە چارە دەبێت.
بابکەیی، ئاشکراشی کرد: ھەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست پێدەکاتەوە و شاندی حکوومەتی ھەرێمیش ڕێگەچارەیەک دەدۆزێتەوە، چونکە چەند ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دوا بکەوێت لە زیانی عێراقدایە و گورزێکی گەورە لە ئابووریی عێراق دەکەوێت.