ئازاد جندیانی
ئەمڕۆ حەفتاو شەشەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شەهید قازی محەمەد و دوو هەڤاڵەکەیەتی .
یادو بیرەوەریان هەمیشە لە ناومێژوو و کەناو یادەوەری نەتەوەکەماندا بەزیندوویی ئەمێنێتەوە.سڵاو لەڕۆحی پاکیان .
- * *
دوای شكستی كۆماری دیموكراتی كوردستان و لەسێدارەدان و شەهیدکردنی سەرۆكی كۆمار، پێشەوا قازی محەمەد لە گۆڕەپانی (چوارچرا)ی شاری مهابادد ؛ كە بەر لە كەمتر لەساڵێك هەر لەوێشدا دامەزراندنی كۆمارەكەی ڕاگەیاندبوو . لەسێدارەدانی پێشەواو هەڤاڵانی ڕووداوێکی سیاسی ئاسایی نەبوو، چونکە لەسایەی هەمان دەوڵەتدا (ئێران) و هەروەها لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا هەر کە داگیرکەران بەپشتیوانی ئەوانی تریش لە شکست پێهێنانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا سەرکەوتوو بووبن، ئەوا بەهەزاران تێکۆشەرو سەرکردە و ڕابەریان بەپیلانگێڕی و بە ناجوامێرانە شەهید کردووە ؛ لە نموونەی شەهیدان ( سمکۆی شکاک، قاسملو، شەرەفکەندی، موساعەنتەر وزۆریتر) یاخود لەئەنجامی تێکۆشانی کورد لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادی ،لەڕێی دادگایکردنی نایاساییدا لەسێدرارەدراون لەوانیش نموونەی (شێخ عبدالسلامی بارزان، شێخ سەعیدی پیران، سەعید نورسی، سەید رەزا، چوار ئەفسەرەکەی حوزەیرانی 1947 و شەهابی شێخ نووری و هتد). هەڵبەت لە زۆر ووڵاتانی تری دنیاشدا داگیرکەر و دکتاتۆرەکان سەرکردەی جووڵانەوە و شۆڕشە سەربەخۆخوازەکانیان لەسێدارەداون. لە سێدارەدانی قازی بۆ ئێمەی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەمان، هەر ڕووداوێکی لەسێدارەدانی ئاسایی نەبوو، چونکە ڕەهەندێکی سیمبۆلی هەبوو، بەو مانایەی کە ئەمە هەر بەتەنیا کوشتنی کەسێک (ڕابەر)ێک نەبوو، بەڵکو لە گۆڕنانی ئامانجی سەربەخۆیی و دیارکردنی چارەنووس بوو بۆ نەتەوەی کورد، لەسێدارەدانیشی لە گۆڕەپانی چوارچرادا هێماو نیشانەکەی لەدیدی دوژمن مانادارتر کرد، بەو واتایەی کە گوایا ئیتر کوردیان وا تەمبێ کرد کە بەخەون وخەیاڵیش بەلای شۆڕش و سەروەربووندا نەچنەوە، بەڵام زۆری نەبرد ئەو ویستەی داگیرکەران بووە بڵقی سەرئاوو نەگەیشتە ئەنجام ؛ وەک ئەوەی دواترو ئێستاش ئەیبینین .
هەر لە میانی بەتاڵبوونەوەی خەونی داگیرکەرانی کوردستان لەمەڕ تێکشکاندنی ئیرادەی سەربەخۆیی وئازادی کورد ؛ جێی خۆیەتی قسەکەی سەدام حسێن لەدوای نسکۆی ئەیلوولەوە (١٩٧٥) بخەینەوە بیر، کاتێك ڕایگەیاند کە ئیتر کورد ناتوانن ببنەوە پێشمەرگە و بچنەوە شاخ و تێکۆشان سەرپێ بخەنەوە. دەی ؛ با ئێستا تەماشابکەین کە ئەوەی خەون و پیلانەکانیان زیندەبەچاڵ کراون ، هەرچوار وڵاتی داگیرکەری کوردستانن ؛ چونکە ئەوە کوردە ئێستا لەهەرچوار لاوە تێکۆشانی فرەڕەهەندی خۆی سەرپێ خستووەو شێلگیرە کەبەردەوام بوونی .
بۆیە ئێستا وەختیەتی کە هەرچوار پایتەختە داگیرکەرەکە لەو شکستە ستراتیژیەی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد باش حاڵی ببن و ئیدی هۆشێکیان بێتەوەبەر، چونکە ئەوە کوردە لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا و لەهەر جوگرافیایەک کوردی تێدا بژی، ئێستا بوونی خۆی لە ژێردەستەیی و داگیرکراوی و سەرکزیدا گۆڕیوە بۆ بوونێکی فرەڕەهەند وبزێوی نەتەوەیی. هەر بۆیە ئیتر ئەوە داگیرکەرانن، کە ئەبێ بەڕاستی بیر لەوە بكەنەوە چۆن خۆیان لەو زەلکاوە قورتار بکەن ؛کە بیر و کلتورو پرۆسێسی داگیرکاری کوردستان تێی خستوون .
مەبەستمە ئەم بۆنەیەش بکەمە بیانووێک و ئامۆژگاریەک پێشکەش بە هەر چواردەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بکەم و بە نەوەکانی ئێستای دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی و فیکری هەرسێ نەتەوەی عەرەب، تورک و فارس بڵێم ،بەتایبەت بەوانەی وەک باوباپیرانیان و بگرە توندتریش لەوان، گلاونەتە ناو پرۆسەی قێزەوونی داگیرکردن و بوونەتە میراتگری مێژووێکی دوور و درێژی چەوساندنەوە و کوشت و بڕی کورد،کە بەداخەوە بەئاگاییەوە بەردەوامن لە وەئەستۆگرتنی باری شەرمەزارانەی داگیرکردن، با لەبەر خاتری داهاتووی نەتەوەکانیان وا بکەن کە ئیدی بوونی نەتەوەییان کە سەدان ساڵە شێتانە و بێ پەروایانە بە داگیرکردنی کوردستانەوە شەتەک داوەو داگیرکەری بۆتە خەسڵەتێکی سیاسی و کلتووری و فیکری و سۆسیۆلۆژی نەتەوەکانیان ؛ بائیتر بۆ سڕینەوەی ئەوخەسڵەتە شەرماوەرە کۆتایی بە فیکری داگیرکەری بێنن.
هەروەها،بڕوام وایە بۆ (ئەوان) لە هەموو وەختێک پتر گرنگە وانە دروست و ڕاست و ڕیالیتیەکە لە ڕووداو و ڕاستیەکانی پەیوەست بە کورد لەم سەدساڵەی دواییدا وەربگرن؛ کە ناونیشان و تایتلە هەرە دیار و بریسکاوەکەی ئەوەیە ؛ کە نەتەوە داگیرکەرەکان بەدرێژەدان بە داگیرکردن و کۆیلەکردنی کورد و کوردستان ناتوانن بۆ یەک ساتیش ئازادانە و بێ ترسانە لە بژین و پێشبکەون ولەدواڕۆژی خۆیان دڵنیابن . ئیتر با هیچ کەس لە (ئەوان) هەرگیز لەوە دڵنیا نەبن، کە کورد هیچ شێواز و ستایل وکۆپیێک لە داگیرکردن بسەلمێنێ وقبوڵی بکا، ئەگەرچی بۆ چەواشەکردن بە جوانیش نمایشیان بکەن . مەگەر بائەوانیش و ( دوودڵەکانی خۆشمان )بیهێننەوە بەرچاو و بپرسن ؛ ئاخۆ کورد سەد ساڵی ڕابردوو و سەد ساڵەکانی پێشتریش داگیرکردن و زەلیل بوونی قبوڵ کردووە ؟!
ئێستا، کە هەموو کورد لەسەرپێیە ؛ هاوکێشەکە بەمجۆرەیە: تا (ئەوان) مکوڕبن لەسەر داگیرکردنی کوردستان ئەوە (ئێمە)ی کوردیش مکوڕترین لەسەر خەبات بۆ سەربەخۆیی.
* * *
لێبڕاوانەش بڕوام وایە وەختی ئەوەش هاتووە ؛ کە بەڕوونی بەو بەشە لە نووسەر و لێکۆڵەر و ئەکادیمی و بگرە بە بەشێک لە سیاسیەکانی کورد لە هەموو پارچەکان و لەتاراوگەشدا بڵێم: ئیتر لەم دۆخەی کە کورد هەمووی لەسەر پێیە، باچیتر کورد ؛ بەتایبەت لەباشووری بەو ئەفسانە کۆن و نوێیانەی خۆگونجاندن لەگەڵ ستایل وکۆپیەکانی داگیرکردن سەرقاڵ و سەرمەست و چەواشە نەکەین ، لرکاتێکدا لانی کەم ئەوە سەد ساڵە تا بەم ساتە هەستیارەی بەئێستاشەوە ؛ هەر هەموویمان تاقیکردۆتەوە .
دیسانەوە سڵاو لە یادی پێشەوا و لەیادی هەموو پێشەواکانی تری کوردایەتی ؛ کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان گوری کرد.
هەولێر٣٠ /٣ /٢٠٢٣