چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کۆمسیۆن: دەتوانین لە وادەی دیاریکراودا ئامادەکاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کردووە، زۆر باشە و دەتوانن لە وادەی خۆیدا ئامادەکاری بکەن و هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببەن.

هندرێن محەمەد ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن دیاریی کردووە زۆر باشە و ئێمە دەتوانین لە وادەی خۆیدا ئامادەکاریی تەواو بکەین و هەڵبژاردن بەڕێوە ببەین، بەڵام پێویستە دوو هەنگاو بنرێت لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، ئەوانیش یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنیش کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.”
هندرێن محەمەد ساڵح گوتیشی: ”لەو ماوەیەدا کە دیاری کراوە دەتوانن ئامادەکاری بکەن کە نزیکەی هەشت مانگ دەبێت، گرنگە پەرلەمان ئەو دوو هەنگاوەی باسم کرد یەکلایی بکاتەوە.”
ساڵح ڕوونیشی کردەوە: ”بۆ تۆماری دەنگدەرانیش ئەوەی عێراق بەکار دەهێنن و پێویستە لە یاساکەدا ئاماژەی پێ بکرێت و میکانیزمیشی دابنرێت کە چۆن بهێندرێت و بۆ کۆمسیۆنیش لیژنەیەک پێک هاتووە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی کارا بکرێتەوە، بۆیە کە ڕێکارەکان تەواو بوون ئێمە دەست بە ئامادەکاری دەکەین .