چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د. بڕیار باراوی: دژەخۆری باش، هەردوو جۆرە فیزیایی و كیمیاییەکەی تێدایە

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و گەشتوگوزار، پێویستە گەشتیاران وریای بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بن.

بەركەوتنی ڕاستەوخۆی تیشكی خۆر زیان بە پێست دەگەیەنێت، بۆیە خانمان زیاتر پێویستە ئاگاداری خۆیان و پێستیان بن و، لە كاتی گەشت و دەشت هەموو ڕۆژێک دژەخۆر بەکار بێنن، تەنانەت ئەگەر هەوریش بێت، بە لای کەمەوە پێویستە دژەخۆر پێش 15 بۆ 30 خولەک بەر لە چوونە دەرەوە بەكار بهێنن لە كاتی كڕینی دەرمانی دژە خۆر پێویستە لە دەرمانخانە بیكڕن یان ڕاوێژ بە پزیشكی شارەزا بكەن.
د.بڕیار تەیب باراوی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری پێست ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە هەر كەسەو بە گوێرەی هەڵكەوتەی پێستی جۆری دژەخۆر هەڵبژێرێت، هەربۆیە پێویستە بزانێت كە دژە خۆر، بەرهەمێكە ئەو مادانەی تێدایە پارێزگاری لە پێست دەكات و ئەبێتە هۆی گەڕانەوەی تیشكی خۆر بە بەركەوتنی ڕاستەو خۆی تیشكی خۆرەكە، ئەو مادانەی لە نێو دژە خۆرەكە هەیە، دوو جۆر دژەخۆر هەیە: دژەخۆری فیزیایی و دژەخۆری كیمیایی.
فیزیكی كە بەربەستێك دروست دەكات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی تیشكی خۆرەكە، زۆربەی دژەخۆرەكان ئەم جۆرە مادەی تێدایە و هیچ زیانێكی بۆ پێستەكە نییە بە تایبەت بۆ ئەوانەی كە پێستیان هەستیارە باشترە ئەو جۆرە دژە خۆرانە بەكار بهێنن كە ئەوانیش مادەی (تیتانیۆم دایۆكساید و زینك ئۆكساید) ئەمانە بەربەستێكی فیزیایی دروست دەكەن و هەروەك وتمان دەبێتە هۆی گەڕانەوەی تیشكی خۆرەكە كە توانای هەیە لە سەدا٨٠ بۆ ٩٠ تیشكەكە بگەرێنێتەوە.
د.بڕیار باراوی لە بارەی دژە خۆری كیمیایی گوتی: كاتێك تیشكی خۆر بەر پێستەكە دەكەوێت كە دژەخۆرەكەی پێوەیە ئەبێتە هۆی شیبوونەوەی ئەم مادانە و گۆڕانی، هەربۆیە ماددەكان شی دەبێتە و ناهێڵێت زیان بەر پێستەكە بكەوێت.
د. بڕیار باراوی لە بارەی هەڵبژاردنی باشترین جۆری دژە خۆرەوە ڕوونی كردەوە كە باشترین دژەخۆر ئەو جۆرەیە كە هەردوو جۆرەكەی تێدایە واتە فیزیایی و كیمیایی تێدایە، چونكە بە هەردووكیانەوە دەتوانن ڕێژەیەكی زۆر باش لە تیشكی خۆرەكە بگەڕێننەوە تا بەر پێستەكە نەكەوێت، كاتێك دەڵێین تیشكی خۆر مەبەستمان تیشكی سەروو وەنەوشەییە.
گرنگە بەكارهێنەرانی دژەخۆر ئەوە بزانن كاتێك كە دژەخۆر بەكار دەهێنن ئەوە بەو مانایە نییە كە بەیانی بەكاریان هێنا تا ئێوارە پێوەی بێت، هەربۆیە ئەگەرهاتو لە بەر خۆر بوویت باشتر وایە دوو كاتژمێر جارێك دژەخۆر بەكار بهێنیت؛باشتر وایە كە دەموچاوی بشوات ئینجا بەكاری بهێنێتەوە، ئەگەر نەگونجا بیشوا، ئاساییە كە دژەخۆرەكە بەكار بهێنێتەوە، ئەگەریش لە شوێنی سێبەر یان لە ژوورەوە بوو ئەوا دەتوانێت چوار بۆ پێنج سەعات دژەخۆرەكە بمێنێتەوە و نەیگۆڕێت.