گرنگترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی ئەمساڵدا

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی دەستپێکردووە، کە هەموویان لەسەر بنەمای بونیاتنانی ژێرخان هاتوونەتە ئاراوە.

بەشێك لە گرنگترین پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا:

– هەناردەکردنی (هەناری کوردستان) بۆ دەرەوەی وڵات

“بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند”، ئەمە ناوونیشانی پۆستێکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هەناردەکردنی یەکەم کاروانی هەناری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات.

لە کوردستان زیاتر لە چەند جۆرێک هەناری کوالیتی بەرز هەن، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە گشتی لە هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی کراوەتە هەنار، بەرهەمی هەناری کوردستان نزیکەی 43 هەزار و 435 تۆنە.

هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەی بوژاندنەوەی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بونیاتنانی ژێرخان.

 سێوی بەرواری

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک چۆن پێشتر بەڵێنی بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان دابوو، لە دوای پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو، دەستیکرد بە کارکردن لەسەر هەناردەکردنی سێوی بەرواری.

جگە لە سێوی دەڤەری بەرواری، لەچوارچێوەی پرۆسەی هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، هەنگوین و ترێی خۆماڵییش یەکێکن لەو بەرهەمانەی کار لەسەر هەناردەکردنیان دەکرێت.

چاوەڕی دەکرێت، ئەمساڵ لەکاتی پێگەیشتنی سێودا، جگە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، سێوی بەرواری رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.

– ڤیزای ئەلیکترۆنی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 22ـی شوباتی 2023، یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنیهەرێمی کوردستانی راگەیاند، کە بەشێكه‌ لە کارنامەی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەم پرۆژەیە، مەسرور بارزانی روونیکردەوە، کە ئەم پرۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە مەبەستی گەشتوگوزار یان وەبەرهێنان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

پرۆژەی ڤیزای ئەلیکترۆنی، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم کە یارمەتیدەردەبێت لە بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کورستان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.

– دەستپێشخەری هەژماری من

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کۆتایی مانگی رابردوو، ده‌ستپێكردنی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ـی راگه‌یاند، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

مە‌سرور بارزانی روونیكردووه‌ته‌وه‌، (هەژماری من) رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لەڕێی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن، کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

سه‌باره‌ت به‌ گرنگی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، “به‌هۆی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی”.