پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سوپاسی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ده‌كات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سوپاسی هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كرد كه‌ له‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی رۆژی 6ی شوباتی وڵاته‌كه‌یاندا به‌زووترین كات هاوكاری لێقه‌وماوانیان كرد.

مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌ ئه‌نقه‌ڕه‌ پێشوازی لە مووسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد.

له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، مەولوود چاوشئۆغڵۆ سوپاسی هاوکاریی خێرای دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی 6ی شوبات.

له‌ دوای دیداره‌كه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ تویتێكدا رایگەیاند “پێشوازیم لە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە لە دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا هاوکارییان کردین، ئێمە سوپاسگوزاری هاوکاری و پشتگیرییەکەیان دەکەین”.