مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی کردنەوەی هۆتێل حەیات ریجینسی و گوڵان مۆڵ رایگەیاند، بووژانەوەی ئابووری کوردستان دەستیپێکردووە، گوتیشی “رێگەنادەین هیچ کەسێک رێگەی پێشکەوتنی کوردستانمان لێبگرێت”.
مەسرور بارزانی لە رێورەسمی کردنەوەی ئەو دوو پرۆژەیەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند: خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەین بۆ کردنەوەی دوو پرۆژەی پێشکەوتوو و گرنگ لە کوردستان، ئەوانیش هۆتێلی حەیات ریجینسی و گوڵان مۆڵە، جێی شانازیە کە دەبینین بەمجۆرە پێشکەوتووە ئەم پرۆژانە جێبەجێکراون.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پرۆژانە ماوەیەکی زۆرە دەستیان پێکراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام کاتێک هێرشی دڕندانەی داعش هاتە سەر کوردستان، زۆرێک لە پرۆژەکان وەستان یان دواکەوتن، گوتیشی: بەڵام بیستم کە کارکردن لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام بوو، وەک تەحەدایەک بەرانبەر بە هێزی رەشی تیرۆر، کە چۆن پێشمەرگە لە خەتی پێشەوە شەڕی داعش دەکات، بەهەمانشێوە وەبەرهێنەرەکانیش لەنێو کوردستان پرۆژەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی، کە رێگەنادەن هیچ کەسێک رێگەی پێشکەوتنی کوردستانیان لێبگرێت.
مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەمان داوە هاوکاری کەرتی تایبەت بکەین، بۆئەوەی حکومەت لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پێکەوە بتوانن زیاتر خزمەتگوزاری بگەیننە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، کە هیوادارە نەک تەنیا لە هەولێر، لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش، وەبەرهێنان بەردەوام بێت و ئەوانیش بتوانن خزمەتگوزاری بگەینینە هاووڵاتیانی کوردستان.
مەسرور بارزانی لە گرنگی ئەمجۆرە پرۆژانەدا کە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت ئەوەی روونکردەوە، کە پرۆژەکان رێگە خۆشدەکەن بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان و یارمەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدەن و هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکەن، گوتیشی: ئەوەی حکومەت دەتوانێت بیکات، ئاسانکارییە لە یاساکان بۆ وەبەرهێنەران.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کاتێك حکومەت ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان دەکات، ناڕاستەوخۆ هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، هەربۆیە ئەم پرۆژانە تەنیا سوود بە وەبەرهێنەران نادات، بەڵکو دەرفەتێکیشە تا گەنجەکان بتوانن لەمجۆرە شوێنانە ئیش بۆخۆیان بدۆزنەوە، مەسرور بارزانی گوتیشی: بەمشێوەیە ئابووری کوردستان زیاتر دەبوژێتەوە و بەرەوپێشەوە دەچێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە باڵیۆزی وڵاتان کرد، دوای بینینی ئەمجۆرە پرۆژانە، زیاتر هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکانیان بدەن، تا بێن و لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئومێدێکی زۆریان هەیە، کە کوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان جێی خێر و بەرەکەتە، بەڵکو بۆ عێراق و ناوچەکەش دەبێتە نموونەیەکی سەرکەوتووی بووژانەوەی ئابووری.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی هیوای خواست، کۆمپانیا بیانییەکان زیاتر روو لە کوردستان بکەن و وەبەرهێنان بکەن، هەم خۆیان تێیدا سوودمەند بن هەم لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستانیش یارمەتی حکومەت بدەن.