لە كابینەی نۆیەمدا، لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ كراون. یەكێك لەوانە چاككردنی جووتسایدی ئیبراهیم خەلیل – باچیكا و دابینکردنی ئاوەڕۆ و ئاوڕێژ و کارەبای پڕۆژەکەیە.
یوسف بەهجەت، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، بۆ پێگەی فەرمیی حكومەت وردەكاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی زیاتر لە ١٨ ملیار و ٢٧١ ملیۆن و ٦٦١ هەزار دینار جێبەجێ دەكرێت، تەواوکەری شەقامی سەرەكیی دێرەبوون – ئیبراهیم خەلیل و ئیبراهیم خەلیل- زاخۆیە؛ بە شەقامێكی نێودەوڵەتی هەژمار دەكرێت و دەبێتە ڕێگەی بازرگانیی نێوان هەرێم و عێراق.”
گوتیشی: “ڕووبەری پڕۆژەکە ١٠٠ هەزار م٢ و درێژیی پڕۆژەكە ٣.٦٥ کیلۆمەتر و پانیی پڕۆژەكە ٣٣ مەترە؛ ئەم شەقامە ئێستا تاکئاراستەیە، بەڵام دواتر دەبێتە جووتئاراستە و هەر ئاراستەیەک ٣ ڕێڕەوە و ٣.٧٥ مەتر پانە. پڕۆژەکە دەبێتە هۆی کارئاسانیی ژیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی جووڵەی بازرگانی و کەمکردنەوەی ئەگەری ڕووداوی لافاو لە ناوچەکەدا”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ی ئاداری ٢٠٢٣