وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا، پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکاتەوە.
ئەمڕۆ (چوارشهممه 1ـی ئادار / مارسی 2023)، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لۆرد ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا کرد.
لە کۆبوونەوەیهكدا دۆخی ئەمنی ناوچەکە و چالاکییەکانی داعش تاووتوێکرا، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکرد بەریتانیا بەردەوامبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش.
لای خۆیەوە لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی هەرێمێکی بەهێز و سەقامگیر دەکات.
سەبارەت بە رێککەوتنامەی شنگال، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت بە زووترین کات ئەو رێککەوتنامەیە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.