ڕائیب جادر – هەولێر
بەر لە ٤٤ ساڵ و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا کورد و کوردستان ڕۆژێکی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەرکردایەتی مەزنترین شۆڕشی کوردستانی کردبوو لە ناسکترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژوویی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا کۆچی دوایی کرد.
پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەڵێن: بارزانیی نەمر، بندەستی ڕەتکردۆتەوە و تا دواساتەکانی تەمەنی بیر و فکری هەر لای نەتەوەکەی بووە و خەون و ئامانجی هەرە گەورەی ئەوە بووە خزمەتی میللەتی خۆی بکات و ئەو زولمەی لەسەر کورد هەیە نەیھێلێت و مافی کورد بە دەست بهێنێت. بارزانیی نەمر، لە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیرکەرانی خاوەنھێز و پشتیوان هەڵبژارد، کە گەلی کورد لە سەردەمێکی پڕ لە ئازار و نەھامەتی دەژیا، جگە لە خوا و ڕەوایی دۆزەکەی و ئامادەیی ڕۆڵەکانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادییدا، ھیچ پشت و پەنایەکی دیکەیان شک نەدەبرد، بەڵام بەھۆی ئیرادەی بەھێز و باوەڕبەخۆبوون و ڕەوایی دۆزەکەی، بۆ چرکەیەک بڕوای ئەو سەرکردە مێژووییەی کورد لەق نەبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەکەیی کرد و لەو ڕێگەیەشەوە میراتێکی گەورەی لە خەبات دژی ستەم و زۆرداری بۆ ڕۆڵەکانی بەجێ ھێشت.
بارزانیی نەمر، ناوی تەواوی (مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی)ـیە، لە ١٤ـی ئاداری ١٩٠٣ لە گوندی بارزان لە دایک بووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا کاتێک بارزانیی نەمر بەر هەڵمەتی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگیرانی شێخ عەبدولسەلام کە برا گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ لە بەندیخانەیەکی مووسڵ زیندانی دەکرێت.
، لە ساڵی ١٩١٩ کە تەمەنی ١٦ ساڵ دەبێت، بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی ٣٠٠ کەسی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٣١- ١٩٣٢ بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی مێرگەسۆر و شێروان، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا، دەرکرد.
لە ساڵی ١٩٣٢، حکوومەتی پاشایەتیی عێراق، بە پشتیوانیی بەریتانییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی براگەورەیەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگیرانی شێخ ئەحمەد، بارزانیی نەمر، دەستی کرد بە سەرکردایەتیی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٦ تا ١٩٤٣، چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی ١٩٤٣ دووبارە بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی، بەسەرکردایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێکردەوە.
جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، حکوومەتی عێراق دەستی کرد بەدەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، بارزانیی نەمر لە دەستە ڕاستی قازی محەمەد وەستابوو، بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێبەخشرا.
لە ساڵی ١٩٤٧ و دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی و کشانەوەی سۆڤییەت لە ئێران و کۆتایی ھاتنی کۆماری مەھاباد، لە نێوان ھێزەکەی بارزانیی نەمر و ھێزەکانی ئێران تێکهەڵچوون و شەڕ دروست بوو، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، بارزانیی نەمر توانی لەگەڵ زیاتر لە ٥٠٠ خەباتکاری کورد، خۆیان بگەیەننە سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لەوێ مانەوە. سەرەتا بارزانیی نەمر لە ئازەربایجان و ئۆزبەگستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە، زمانی ڕووسی و ھونەر و زانستی سەربازی و زانیاریی ئابووری خوێند. لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ گەڕایەوە عێراق، ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماریی ڕاگەیاندبوو، لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێنرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو، لە ئەیلوولی ١٩٦١ بارزانیی نەمر شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ تا ١٩٧٥ ڕابەرایەتی گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا کرد. شۆڕشی ئەیلوول، ١٤ ساڵی خایاند و تێیدا چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست ھێنا.
ڕێککەوتننامەی ئادار
لە ساڵی ١٩٦٨، بەعسییەکان کودەتایان کرد و ڕژێمی حوکم لە بەغدا گۆڕا، بارزانیی نەمر و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرهەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری ١٩٧٠ی لێکەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردییش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی ئۆتۆنۆمی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێککەوتن و لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیریان مۆر کرد.
هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١، هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەدرێت، لەمبارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی، دەڵێ: لە ٢٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧١ و دوای ساڵ و نیوێک لە ئیمزاکردنی بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر، سەرکردەی کوردی دا و هەوڵەکەی شکستی ھێنا. پیلانەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە دە مەلا پێکھاتبوون، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانیی نەمر بۆ نێوانگیری و ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆڕشگێرانی کورد و سوپای عێراق.
واحید سیامەند، پێشمەرگەی کۆن، گوتی: بارزانیی نەمر بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بارزانی بەرپا کرد، توانی هەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی گەلی کوردستان بکات، بۆیە هەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگارکردنی گەلی کوردستان بەخشی، تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری هەر لای نەتەوەکەیی بوو، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچ نەکردنی بۆ دوژمنانی گەلی کورد، دوو جار لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەیی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی هەرە گەورەیی ئەوە بووە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زولمەی لەسەر میللەتی کورد هەیە نەھێلێت و مافی کورد بە دەست بهێنێت.
شۆڕشی بارزان تا ئێستەش بەردەوامە
عەبدوڵڵا سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ڕایگەیاند: ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە ماف و عەدالەتخوازیی و خەبات لە دژی زۆردار و ڕەتکردنەوەی ژیانی بندەستی، لەو خەسڵەتە دیارانەی بارزانی نەمر بوون کە لە مەکۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێرییدا پێی گۆش کرابوو، دواتر هەر ئەو بنەمایانە بوون کە بەو ھۆیەوە بارزانیی نەمر دید و پەیڕەوێکی بۆ بزافی ڕزگاریخوازیی کوردستان ڕەنگڕێژ کرد.
مستەفا دێرانەیی، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێ: بارزانیی نەمر جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی نەدەکرد، هەموو پێکهاتەکانی لە دەوری خۆی کۆکردبوویەوە، نەیدەگوت ئەوە کوردە، یان ئێزدییە، یان مەسیحی، بە یەک چاو سەیری هەموو پێکھاتەکانی دەکرد، لەگەڵ ئەوەی پیاوێکی سادە بوو هەر بەو شێوەیەش ژیاوە، زۆر گرنگی بە جلوبەرگ و خواردنی نەدەدا، بەردەوام هەوڵی دەدا کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت، بۆ ئەوەی بە مافەکانی بگات، بڕواشی وابوو ڕۆژێک هەر دێت کورد بەو ئاواتە دەگات. ئەو دەسکەوتانەی ئێستەش بە دەست ھاتوون و گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات، لە ئەنجامی شۆڕشی بارزانیی نەمر بە دەست ھاتوون، شۆڕشی بارزانیی نەمر تاکە شۆڕشە، کە لە سەرتاسەری کوردستان بەبێ جیاوازی و بە یەک پەیام بەرپا کرا، شۆڕشی بارزانیی نەمر، تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بارزانیی نەمر، موڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانە
سەبری نەبی، پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان، گوتی: بارزانیی نەمر، موڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانە، هەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلە مەزلوومەکەی تەرخان کردبوو، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ هەموو حیزب و لایەنەکان یادی بارزانیی نەمر بکەنەوە، نەک تەنھا حیزبێک، چونکە گەلی کورد بە بارزانیی نەمر دەناسرا، بارزانیی تەنھا بۆ پارچەیەکی کوردستان تێنەکۆشاوە، بەڵکو خەباتی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە، خەباتی دەکرد هەر چوار پارچە ببن بە یەک، بۆیە دەبێت هەموو تاکێکی کوردستان جا لە هەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت، یادی بارزانیی نەمر بکاتەوە.
نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
بارزانیی نەمر، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، تووشی نەخۆشی دەبێت، بە مەبەستی وەرگرتنی چارە دەچێتە ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩، سەرکردەی مەزنی کورد و کوردستان لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون کۆچی دوایی کرد، لە چواری ئادار تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تاران و دواتر بە هەلیکۆپتەر، تەرمەکەی گەیاندرایەوە شاری شنۆی کوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار کەس لە پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی ڕۆژهەڵات و کوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا، پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانیی کرا، کە لەو ڕۆژەدا لە سنوورەکان پەڕیبوونەوە، تا لە ماڵئاواییکردنی بارزانیی نەمردا بەشداربن، ڕۆژی دواتر تەرمی بارزانی لە گۆڕستانی شنۆ لەسەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆ بە خاک سپێردرا، پاش ڕاپەڕین و لە شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ تەرمی بارزانیی نەمر و شەھیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لە گۆڕستانی شنۆوە ھێنرانەوە بۆ کوردستان و لە خاکی پیرۆزی بارزان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.
ھاووڵاتیان بە لێشاو سەردانی مەزاری نەمران دەکەن
ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو چین و توێژەکان بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمانی کوردایەتی سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن، تاکە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆک بارزانییە.