دراوی عێراقی و دۆلار بەشێوەی ساختە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بڵاو بوونەتەوە. خاوەنی نووسینگەکانی دراو دەڵێن: ئەوانەی پارەی ساختە لە بازاڕ بڵاو دەکەنەوە خەڵکی شارەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەرن. بەرپرسانی پۆلیسیش، دەڵێن: بە دەیان کەس دەستگیرکراون کە پارەی ساختەیان بەمەبەستی ساغکردنەوە هێناوەتە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان. وەزارەتی دارایی ھۆشداری لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە دەدات و داوا لە ھاووڵاتییان دەکات لە کاتی مامەڵەدا ئاگاداربن.
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ھەر کەسێک تاوانی ساختەکردنی پارە بکات، ئەوا بڕیاری بەندکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، دوای بەسەربردنی سزاکەی لەژێر چاودێریی پۆلیس دادەنرێت و ماوەی سزاکەشی نابێت لە پێنج ساڵ زیاتر بێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: ماوەیەکە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، ھەروەھا داوا لە ھاووڵاتییان دەکات زیاتر چاوکراوەبن لە کاتی مامەڵەکردن بە جۆرەکانی دراو تاوەکو تووشی زیان نەبن.
وەزارەتەکە باس لە خولی ھۆشیاری دەکات و دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتیی بانکی ناوەندیی ھەرێم لە سلێمانی، خولی ھۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردووەتەوە تاوەکو زیاتر چاوکراوەبن لەکاتی مامەڵەکردن بە دراوەکان.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، بڕیارە خولی ھۆشیاری بۆ فەرمانگەکان، نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراویش بکرێتەوە تاوەکو ھەمووان زیاتر بەئاگابن لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە و مەترسییەکانی.
لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری ٢٥ ھەزاری و ٥٠ ھەزاری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لە جۆری ٥٠ دۆلاری و ١٠٠ دۆلاریدا گیراوە، وەزارەتەکە دەڵێت، ڕێکاری یاسایی پێویست لەو بارەیەوە گیراوەتەبەر.
بەرپرسانی پۆلیس لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێن: لەسەر پارەی ساختە چەندین کەس دەستگیر کراون، بەپێی ماددەی ٢٨١ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.