پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی ئەڵمانیا كۆبووەوە

بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 2023/2/19 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ شاندی گرووپێكی پەرلەمانتا‌رانی پارتی (SPD)ی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نیڵس شمید كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو ئایدان ئۆزوگوز جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیا ئامادەی بوو، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، هەروەها ڕەوشی ئێزدییان لە كەمپەكانی ئاوارەیی و لە ناوچە‌ی شەنگال خرانە بەر باس.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەروەها پێویستیی یەكڕیزی و چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دووپات كردەوە بۆ ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییان بە جینۆساید.
دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكه بەگشتی‌، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.